کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماددەی هۆشبەر یەکێک لە بەرهەمەکانی چل ساڵ دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێرانە

12:40 - 2 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بەرهەمی چل ساڵەی دەسەڵاتداریەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دوازدە تۆن مادەی هۆشبەرە لە ماوەی یەک حەوتوو دایە.

دیاردەی بەکارهێنان و بارزگانی بە مادە هۆشبەرەکان لە ئێراندا، وەکوو زۆربەی دیاردە ناشیرینەکانی تر لە ژێر دەسەڵاتی ئاخوندیی ئێران، لە کۆمەڵگای ئەو وڵاتە ئاسایی بووەتەوە و ڕێژیم نە تەنیا هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەریی ئەو کێشە گەورەیە کە بە مەترسی زیاتر بۆ کۆمەڵگای ئێران هەژمار دەکرێت هەڵنەگرتووە، بەڵکوو کاربەدەستان و هێزە ئیتلاعاتییەکانی خودی ڕێژیم گەورەترین بارزگانیی مادە هۆشبەرەکانن، بەڵام تەنیا خەڵکانێکی ئاسایین کە لە ئەگەری بەکارهێنانی ئەو مادە هۆشبەرانەدا دەسبەسەر دەکرێن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ناسر ئەسڵانی، جێگری بەرپرسی ناوەندی بەربەرەکانێی لەگەڵ مادە هۆشبەرەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: کە لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، لە سەرانسەری ‌ئێراندا دەستیان بە سەر دوازدە تۆن مادەی هۆشبەردا گرتووە و زۆربەی ئەو ڕێژەیەش لە شارە سنوورییەکاندا بووە.

ئەسڵانی لە درێژەی قسەکانی ڕایگەیاندووە: بەگشتی ۷۹۰۸ تاوانبار لە سەرانسەری وڵاتدا بە تاوانی بازرگانی و بەکارهێنانی سەرجەم مادە هۆشبەرەکان دەسبەسەر کراون، کە ۶۹۱ کەس قاچاخچی مادەی هۆشبەر، ۲۲۰۳ کەس وردەفرۆش و ٤٤٤۹ کەسیشیان بەکارهێنەری ئەو مادە هۆشبەرانە بوون، وتیشی: "کۆی ئەو ڕێژەیەی کە دەستی بە سەردا گیراوە، بە بەراورد حەتووی پێشووتر، ۲۵٪ی زیادی کردووە".

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیم هیچ پلان و بەرنامەیەکی بۆ وازهێنانی تووشبووانی ئەو مادە هۆشبەرانە و سزادانی بە وتەی خۆیان تاونبارە بارزگانەکان نییە، بەڵکوو ئامارەکانیش زۆر لەوانە زیاترن کە خودی ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕێژیم زیاتر دەیان کارگەی دروستکردنی مادەی هۆشبەری شیشەی لە شارەکانی ئێران بەتایبەت شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانابوو، کە زۆربەیان لە لایەن خەڵکەوە لە نێو بران.