کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمە وەرزێڕی و ئاژەڵدارییەکان لە ئێراندا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ گرانتر دەبن

12:24 - 25 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، باسی لە بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ساڵی ٩٧ لە چاو ساڵی ڕابردوودا کردووە.

لە ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ئاماژەی بە چوونەسەرەوەی نرخی دانەوێڵە، سەوزە، میوە ناوکدارەکان، ئاژەڵەکان و هەروەها خزمەتگوازییە ماشینییەکان لە پێوەندی لەگەڵ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کردووە، کە بەشێکی بەرچاو لە قەیرانە ئابوورییەکانی ئێران لە قەڵەم دەدرێن.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە نرخی برنج لە پاییزی ساڵی ١٣٩٧دا لە بەراورد لەگەڵ نرخی ئەم بەرهەمە لە پاییزی ساڵی ١٣٩٦دا، ٢٠ لەسەد و نرخی گای زیندوو ٧٦ لەسەد گرانتر بووە.

هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە پاییزی ساڵی ١٣٩٧دا، لە بەشی دانەوێڵە، نێونجیی نرخی گەرمەشانی ١٢٧٣٧ ڕیاڵ و برنج ١٢٠٦٠٧ ڕیاڵ لە چاو پاییزی ١٣٩٦دا بە ڕیزەوە ٢٠/٣٠ و ١٩/٨ لەسەد گرانتر بوونە.

ئاژەڵداران و مریشکداران لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، چەندین جار ڕایانگەیاندووە، کە گرانبوونی خوراکی ئاژەڵەکان و مریشکەکان یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت، شیرەمەنی، مریشک و هێلکەیە.

وڵاتی ئێران کە لە باری کەشوهەوا و سەرچاوە ژێرخان و سەرخانەکان و هەروەها بواری کشتوکاڵەوە، یەکێک لە وڵاتانی دەوڵەمەندی جیهانە، بە هۆی گرنگی نەدان بە بژیوی ژیانی خەڵک، کەرتی وەرزێڕی و ئاژەڵداریشی خستووەتە پشتگوێ کە یەکێک لە جومگە ئابوورییەکانی هەر وڵاتێک لە قەڵەم دەدرێت.