کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسان دانیان به پیس بوونی ئاوی سنەدا نا

11:39 - 28 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: جێگری چاودێریی فەرمانگەی گشتیی پاراستنی ژینگەی سنە، دانی بەوەداناوە کە ئاوی شاری سنه پیسە؛ هۆکاری ئەم پیس بوونەشی بۆ ڕژانی ئاوی فازڵاوی ٥١ گوند بۆ نێو بەنداوەکانی شاری سنە گەڕاندەوە کە ئاوی خواردنەوەی خەڵک دابین دەکەن.

ئێقباڵ حەمیدی، جێگری چاودێریی فەرمانگەی گشتیی پاراستنی ژینگەی سنە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "ایرنا" دانی بەوەداناوە که فازڵاوی ٥١ گوند کە لە سەرەوەتری بەنداوی قشڵاخی شاری سنەدان، دەڕژێنە نێو ئەم بەنداوە که دابینکەری ئاوی خواردنەوەی خەڵکی سنەیە.

ناوبراو هەروەها: به ئاماژەدان به ڕژانی فازڵاوی ٥٠٠ خانووی سەرۆقامیش، به شێوەی ڕاستەوخۆ بۆ نێو ئاوی ئەم بەنداوە ڕایگەیاندووە که ٦ مانگه شوێنمان بۆ درووستکردنی پاڵاوگەی ئاو دیاری کردووە بەڵام، "ئابفار" یان ئاو و ئاوەڕۆی گوندەکان، به هۆی نەبوونی بوودجە کاری درووستکردنی ئەم پاڵاوگەی دەست پێ نەکردووە.

پێشتر ڕاپرسییەک کە یەکێک لە کاناڵە تێلێگرامییەکانی شاری سنە ئەنجامی دابوو، دەریخستبوو که ٤١ لەسەدی خەڵکی سنە لە کوالێتیی ئاوی خواردنەوە ڕازی نین، بەڵام ناچارن هەر ئەو ئاوە بەکاربێنن کە شرکەتی ئابفای سنە لە وڵامی سکاڵا و ناڕەزایەتییەکانی ئەم خەڵکەدا وتبووی ئاوی ئەم شوێنانە هیچ کێشەیەکی نییە، تامی ناخۆشی هەیە بەڵام سالمە.

پێشتریش، ئاگری ئیسماعیل‌نژاد، لەسەر فەیسبووکەکەی خۆیدا سەبارەت به ڕژانی ئاوی فازڵاوی نزیک به ١٠ گوند بۆ نێو بەنداوی قشڵاخ و تێکەڵبوونیان لەگەڵ ئاوەکە ڕایگەیاندبوو: "که ئەمە دەبێتە هۆی زۆربوونەوەی نیتراتی نێو ئاوەکە که بۆ جەستە زۆر زۆر مەترسیدارە، به شێوەیەک که دەتوانێ ببێتە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردبوو، که تێکەڵبوونی نیترات لەگەڵ ئاو، به ڕێوشوێنە ئاساییەکانی پاڵاوتنی ئاو چارەسەر نابێت و هەر دەمێنێتەوە کە ئەمە هەڕەشە لە گیانی خەڵکی ئەو شارە دەکات.

به وتەی ناوبراو، لە مانگەکانی ڕابردوودا، شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی سنە، سەبارەت بەم کێشەیە لەگەڵ پارێزگاریی سنە، دانیشتنێکی نهێنییان بووە و چونکه چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە کڕینی دەزگای پێشکەوتوو هەیە و بوودجەش نییە، هەروا بەبێ چارەسەر کۆتایی پێ هاتووە.

٩٠ لەسەدی ئاوی خواردنەوەی شاری سنە لەم بەنداوە و تەنیا ١٠ لەسەدی لە ئاوی ڕووبار و ئاوە ژێرزەوینییەکان دابین دەکرێت و چارەسەر نەکردنی ئەم کێشە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە، ئاماژەیەک بۆ ژینۆسایدی خەڵکی کوردستان به شێوەیەکی تازەیە.