کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسان وڵامدەری نەبوونی ئاو لە ئیلام نین

12:59 - 15 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: پچڕانی پەیتا پەیتای ئاوی خواردنەوە لە ئیلامدا، بە هۆکارگەلی جیاواز ژین و گوزەرانی خەڵکی ئەم پارێزگایەی تووشی کێشە کردووە.

پجرانی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگای ئیلامدا بە هۆکارگەلی جیاوازی وەکوو شکانی هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی ئاوی "گوڵ گوڵ" و بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەم ناوچەی بەدواوە بووە و داواین لە بەرپرسان کردووە، کە هەرچی زووتر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، دەست بە کار بن.

هەواڵدەریی حکوومەتیی "تەسنیم"، لە زاری یەکێک لە هاووڵاتییانی ئیلامییەوە رایگەیاندووە، کە لە گەڕەکی پەیامی ئیلام، خەڵک لە پچڕانی ئاو ناڕازین و دەڵێن، لەم گەڕەکەدا ٢٤ کاتژمێر بە شێوەی بەردەوام ئاو نییە و سەرەڕای پێوەندییەکان لەگەڵ ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئەم شارە، هیچ بەرپرسێک وڵامدەری داخوازییەکانی خەڵك نییە.

هاووڵاتییەکی دیکەش باسی لەوە کردووە، کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو ئاوی خواردنەوەیان پچڕاوە؛ هەروەها وتوویەتی: پچڕانی ئاو لە ئیلامدا، بێ کەیفییەتبوون و نزمبوونەوەی تەوژمی ئاوەکە، ژیانی خەڵکی دژوار کردووە، چونکە بەرپرسان گرینگی بە داخوازییەکانی خەڵک نادەن.

ڕزیوبوونی ڕایەڵەی ئاوی ئیلام و شکاوبوونی بۆری گواستنەوە، ئەو پاساوانەن کە ساڵانێکە لە بەرانبەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئیلام لە هەمبەر کەمیی ئاو، پچڕانی بەردەوامی ئاو، بێ کەیفییەتیی ئاو و کەمیی تەوژمی ئاو لە لایەن بەرپرسانەوە باسیان لێوە دەکرێت، بەڵام هیچ هەوڵێکیش بۆ چارەسەرکردنیان نادرێت.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، لە چەندین گەڕەکی شاری سنەش، کێشەی کەمئاوی و پچڕانی ئاو، خەڵکی تووشی کێشە کردبوو، هەندێک لە هاووڵاتییان باسیان لەوە دەکرد، کە تەنانەت بۆ ڕاگرتنی پاک و خاوێنی ناچارن، کە ئاوی مەعدەنی بکڕن یان لە کانیاوەکانی دەوروبەری شاری سنە ئاوی خواردنەوە دابین بکەن. بەرپرسانی شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆش لەم شارەدا لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکە، هەوڵی نکۆڵیکردن ئەم بابەتەیان دەدا.