کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران لێدوانیان دا

13:18 - 23 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بە دژی هەوڵە تێکدەر و تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران جەختیان کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی خاکەلێوە، برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە کاروباری ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنی بلومبرگ باسی لەوە کرد: ئەگەر سەیری ناوچە ئاڵۆزەکان لە وڵاتانێکی وەکوو: عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن یا بەحرەین بکەین، سپای پاسداران لەو شوێنانە بوونی هەیە، هەروەها ٦٠٣ سەبازی ئامریکایی بە دەستی سپای پاسداران کوژراون.

برایان هووک هەروەها وتوویەتی: هەتا ڕێژیمی ئێران لاواز نەبێت و سپای پاسداران بێدەسەڵات نەبێت، ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جێگیر نابێت.

جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری نەتەوەیی کۆشکی سپیش، لە پەیامێکی تویتێریدا باسی لەوە کردووە، ئێمە بە گوشارێکی زۆری ئابووری لە دژی ڕێژیمی ئێران و باڵی تێرۆرێستی ئەو ڕێژیمە واتە سپای پاسداران ئینقلابی ئیسلامی و هاوکارە جەنایەتکارەکانی لە سەرتاسەری جیهان بەردەوام دەبین.

هەر لەم پێوندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی خاکەلێوە، ٦سێناتۆری کۆماریخواز لە نامەیەکدا، داوایان لە دانڵد ترامپ کردووە، هەموو ڕەهەندەکانی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران ڕابوەستێت و  لێخۆشبوونەکان بە نیسبەت بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە لابردرێت، کە لە مانگی گوڵان کۆتایییان پێ دێت.

هەروەها مایک پێنس، جێگری سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خاکەلێوە، وتی: خستنەنێو لیستی سپای پاسداران لە ڕیزبەندی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی دەرەکی بەشێک لە ستراتیژییەکانی دانڵد ترامپ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە دزەکردنی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەیە و ئامریکا توانیویەتی پشتیوانیی وڵاتانی عەرەبی بۆ بەرەنگاریی لە بەرانبەر کردەوەکانی ئەم ڕێژیمە بۆ لای خۆی ڕابکێشت.