کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ئامریکا لەبارەی هەڕەشەی میلیشیا چەکدارەکانی عێراقی کە بە دڕۆنی ئێرانی تەیارن، هۆشداریی دا

12:20 - 15 جۆزەردان 2721

بەرپرسانی ئامریکایی باس لەوە دەکەن، میلیشیا شیعەکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت بە کەڵک وەرگرتن لە دڕۆنەکانی ئێران، بە شێوەیەکی بەربڵاو ‌هەڕەشە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لە عێراق دروست دەکەن.

ڕۆژنامەی ''نیۆیۆرک تایمز'' ڕۆژی هەینی لە زاری بەرپرسێکی پێشووی ''سیا'' نووسیویەتی کە هێرشی دڕۆنەکان لە گرینگترین هەڕەشەکان دژی هێزەکانی ئامریکایی لە عێراق دێتە ئەژمار و ئەو دڕۆنانە بەو زانیارییانەی کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە خراوەتە بەر دەستیان، بە تێچوویەکی کەم و بەخێرایی ئاڵۆزتر دەبن.

بەرپرسێکی باڵای ئەمنییەتیی عێراق بەو ڕۆژنامەیەی وتووە: ''ئێران لە حاڵی داڕمانی ئابوورییە و هەرچی زیاتر بچێتە ژێر گوشاری ئابووری، ‌هێرشی دڕۆنەکانی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق زیاتر دەبێت''.

''کێنت مەکێنزی'' فەرماندەی سێنتکام، مانگی ڕابردوو وتبووی کە دڕۆنەکان بە هەڕەشەیەکی جیددی دێنە ئەژمار و ئەرتشی ئامریکا بەخێرایی لە هەوڵدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان ڕێگایەک بدۆزێتەوە.

بەپێی بەراوردێک کە ئاژانسی ئیتلاعاتی ئەمنییەتی ئامریکا بڵاوی کردبووەوە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ـەوە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق زیاتر لە ٣٠٠ هێرشیان دژی بەرژەوەندییەکانی ئامریکا ئەنجام داوە کە لەو هێرشانەدا چوار ئامریکایی و ٢٥ کەسی دیکە کوژراون.