کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ئامریکا، کۆماری ئیسلامی به هەڕەشە بۆ سەر جیهان دەزانن

13:03 - 11 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا به ئاماژه به کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەم ڕێژیمەی به هەڕەشە بۆ سەر جیهان ناو برد.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ "تەلەفزیۆنی فاکس"دا ئاماژەی به کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران کردووە و وتوویەتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشە بۆ سەر جیهان و ئامریکایە.

ناوبراو لە قسەکانیدا وتوویەتی: دەوڵەتی پێشووی ئامریکا بڕیاری دابوو که لەگەڵ ئێران وەکوو گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم له جیهاندا، ببێتە شەریک، بەڵام ئێمە ئەمەمان گۆڕی چونکه لە سەر ئەو بڕوایەین که ڕێژیمی ئێران هەڕەشە بۆ سەر جیهان و ئامریکایە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان و ئیسرائیل چڕتر کردووەتەوە و ئەوانیان لێک نزیک کردووەتەوە تا هاوپەیمانییەک دژی ئێران درووست بکەن تا ئامریکاییەکان لە بەرانبەر ئەوەیکە لە ناوچەدا ڕوو دەدات قایمتر بکاتەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئێران به ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە تۆمەتبار دەکات.

لە مانگەکانی ڕابردوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا به هاتنەدەر لە بەرجام و وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکان دژ به ئێران، گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاد کرد.