کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ئامریکایی پشتیوانیی خۆیان لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران ڕاگەیاند

12:12 - 22 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: پاش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران، بەرپرسانی ئامریکایی لە یەکەم خولەکەکانەوە پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ئێران دەربڕی و داواکانیانیان بە ڕەوا زانی.

لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران بەنیسبەت خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە ڕاستەوخۆ ڕێبەریی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی باڵای وڵاتیان کردبووە ئامانجی دروشمەکانیان، کۆمەڵێک لە بەرپرسانی ئامریکایی پشتیوانیی خۆیان لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران دەربڕی.

"دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی شەممە، ٢١ی بەفرانبار، لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرانبەر بە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران، لە دوو تویتی فارسیدا پشتیوانیی خۆی لە خەڵکی خۆپیشاندەری ئێران دەربڕی.

ناوبراو لە تویتێکیدا نووسیبووی: "بۆ خەڵکی ئازا و ئازارچەشتووی ئێران: من لە سەرەتای دەورەی سەرۆککۆماریمەوە لەگەڵ ئێوەدام و دەوڵەتی من هەر لەگەڵتان دەمێنێتەوە. ئێمە خۆپیشاندانەکانی ئێوە لە نزیکەوە پەیجوور دەبین. ئازایەتی ئێوە ئیلهام بەخشە".

ناوبراو لە تویتێکی دیکەدا ئاوای نووسیبووی: "دەوڵەتی ئێران دەبێ ئیجازە بە گرووپەکانی مافی مرۆڤ بدات ڕاستییەکانی ئێستای خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران چاوەدێری بکەن و ڕاپۆرتی بکەن. نابێ شایەتی کوشتاری دووبارەی خۆپیشاندەران و پچڕانی ئینتێرنێت بین، جیهان بینەری ئەم ڕووداوانەیە".

هەروەها "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی شەممە، ٢١ی بەفرانبار، لە تویتێکدا نووسی: "دەنگی خەڵکی ئێران ڕەسایە. ئەوان لە درۆکانی ڕێژیم، گەندەڵی، بێ کیفایەتی و دڕندەیی سپا بە فەرمانی دزسالاریی خامنەیی وەزاڵە هاتوون".

ناوبراو خەختی کردووەتەوە، ئێمە لەگەڵ خەڵکی ئێران ڕاوەستاوین، چونکە شایانی داهاتوویەکی باشترن.

هەرلەو پەیوەندییەدا "مۆرگان ئۆرتێگاس"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی شەممە، ٢١ی بەفرانبار، ڕایگەیاند: "ئێمە دەزانین کە خۆپیشاندەرانی ئێرانی بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسیان شەڕ دەکەن، بۆیە ئێمە لەگەڵیانین".

ناوبراو هەروەها لە وتووێژیکدا لەگەڵ تێلێڤیزیۆنی فاکس سەبارەت بە ئستراتیژیی ئامریکا دژ بە تاران قسەی کردووە و وتوویەتی: "ئستراتێژیی ئێمە ئەمەیە: تەریک کەوتنەوەی دیپلۆماتیک، گوشاری ئابووری، ڕاگیرکردنی نیزام".

"برایان هووک"، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە کاروباری ئێران، ڕۆژی شەممە، ٢١ی بەفرانبار، وتوویەتی: "جارێکی دیکە دژ بە ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەستی پێکردووە و ئێمە سەداسەد لەگەڵ خەڵکی ئێرانین".

"تام کاتێن"، سێناتۆری کۆماریخواز: "خەڵکی بوێری ئێران هەڵناخەڵەتێن، ئەوان هیچ گومانیکیان لە شەیتان سیفەت بوونی ئەوانەی بەسەریاندا حکوومەت دەکەن نییە، ئێستا کە خەڵک هاتوونەتە شەقامەکان، خودا پشتیوان و هیوایان بێت بۆ داهاتوویەک باشتر".

"تاد یانگ"، سێناتۆری کۆماریخوازی ویلایەتی ئیندیانا: "بوێریی خەڵکی ئێران کە ئەمشەو هاتوونەتە سەر شەقام و خۆپیشاندانی بێ توندوتیژی دەکەن، بۆ من ئیلهام بەخشە، خودا بیانپارێزێت".

"لیندزی گراهام"، سێناتۆری کۆماریخوازی کارۆلینای باشوور، بە ڕیتویت کردنی تویتی دانڵد ترامپ، نووسی کە لەگەڵ ترامپ هاوڕایە و وتی: "خەڵکی ئێران شایانی داهاتوویەکی باشترن و خەڵکی ئامریکا لەگەڵ خەڵکی ئێرانە".

"جیم بەنکس"، ئەندامی کۆماریخوازی مەجلیسی نوێنەران لە ویلایەتی ئیندیاناوە وتوویەتی: "خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران نیشانەیەکی دڵخۆشکەرە کە خەڵکی ئێران لە ڕێژیمی سەرکوتکەر و شەڕخوازی ئێستا وەزاڵە هاتوون".

 پاش هێرشی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر فڕۆکەی "بووئینگی ٧٣٧"ی ئۆکراینی بە مووشەک و خستنە خوارەوەی لە نزیک تاران و قوربانی‌بوونی نزیکەی ١٨٠ کەس، خەڵکی ئێران بەرانبەر بە تاوانەکانی ڕێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕی و هاتنە سەر شەقام.