کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ئامریکایی کاردانەوەیان بەرانبەر بە کوژرانی قاسم سلێمانی نیشان دا

12:39 - 13 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە کوژرانی سەرکردەی تێرۆریستیی سپای قودسی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران کاردانەوەیان نیشان دا.

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی "قاسم سلێمانی" لە هێرشی ئاسمانیی هێزە نیزامییەکانی ئامریکا و پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، "پێنتاگۆنـ"ـەوە، بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی ئامریکایی کاردانەوەیان نیشان دا.

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە خۆشحاڵیی خەڵکی عێراق لە شەقامەکاندا لە لاپەڕەی تویتێری خۆی نووسیویەتی: "عێراقییەکان لە شەقامەکاندا بۆ ئازادی خۆشی دەکەن، ئەوان زۆر خۆشحاڵن کە سەرلەشکەر سلێمانی ئیتر بوونی نییە".

هەروەها "نیکی هیلی"، باڵوێزی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی: "دەستەکانی قاسم سلێمانی بە خوێنی ئامریکاییەکان سوور ببوو، دەبێ شانازی بە پرێزیدێنت ترامپەوە بکەین بۆ ئەنجامدانی کارە بەهێزەکانی".

"تێد کرووز"، سێناتۆری کۆماریخواز، لە بەیانییەیەکدا وتی: "کۆتایی کاری قاسم سلێمانی، دادپەروەرییەکی پیرۆزە کە پاش ماوەیەکی زۆر بە ئاکام گەیشت، ئەمە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێت زیان بگەیەننە ئامریکاییەکان".

"لیندزی گراهام"، ئەندامی باڵای کۆماریخواز لە سێنای ئامریکا، پێشوازیی لە هەواڵی کوژرانی قاسم سلێمانی کردووە و نووسیویەتی: "ئەو یەکێک لە بێڕەحمترین و شەڕخوازترین ئەندامەکانی ڕێژیمی ئایەتوڵڵا خامنەیی بوو کە دەستی بە خوێنی ئامریکاییەکان سوور ببوو".

هەر لەو پەیوەندییەدا، "تام کاتێن"، سیناتۆری کۆماریخوازی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەو بارەوە وتوویەتی: "قاسم سلێمانی دەیان ساڵ مێشکی بیرمەندی ڕێژیمی تێرۆر و تۆقانی ڕێژیمی ئیران بوو و لەوانە دەتوانین ئاماژە بە کوژرانی سەدان ئامریکایی بە دەستی ئەو بکەین، ئەمشەو بە سزایەک کە شایانی بوو گەیشت و تەواوەتی سەربازە ئامریکاییەکانیش کە بە دەستی ئەو کوژرابوون، بەوەی کە شایانیان بوو، واتە دادپەروەری گەیشتن".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "بە مەرگی سلێمانی، ئیستا ئامریکا ئەمنترە".

هەروەها "جیم ڕیچ"، سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییە دەرەکییەکانی مەجلیسی سێنا، سەبارەت بە کوژرانی قاسم سلێمانی بە فەرمانی ترامپ، سەرەڕای پیرۆزبایی کردن لە "دانڵد ترامپ" وتوویەتی: "قاسم سلێمانی لە بەرانبەر کوژرانی سەدان ئامریکایی بەرپرسیار بوو و کوشتنی ئەو، دەرفەتێکە بۆ عێراقییەکان، تا بتوانن بە ئازادی و بەبێ چاوەدێریی ڕێژیمی ئێران، لەسەر داهاتووی خۆیان بڕیار بدەن".

هەر لەو بارەوە، "مارکۆ ڕۆبیۆ"، سێناتۆری باڵای کۆماریخوازەکانی ئامریکا وتوویەتی: "پرێزیدێنت ترامپ دانی بەخۆدا گرت و هێڵی سووری دیاری کرد، بەڵام سپا ناکۆکییەکانی چڕتر کردەوە، سپای قودس تاوانباری سەرەکیی گەیشتنی ئەو ساتە مەترسیدارە بوو".

لە هێرشی هیزەکانی ئامریکادا بۆ سەر فڕۆکەخانەی بەغدا، هاوکات لەگەڵ "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی سپای تێرۆریستیی قودسی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، "ئەبوو مەهدی موهەندیس"، جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی و ١٠ کەسی دیکەش کوژراون.