کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی باڵای ڕێژیم شڵەژاون و مشتومڕییان تێکەوتووە

16:50 - 29 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: دوای گرانکردنی نرخی بێنزین کە ناڕەزایەتیی جەماوەری دژی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتەوە، ئێستا بەرپرسانی باڵای ڕێژیم شڵەژاون و مشتومڕییان  تێکەوتووە.

شەوی ڕابردوو ڕیکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر، لە دانیشتنی شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیدا، لە نێوان ''حەسەن ڕووحانی''، سەرکۆماری ئێران و ''حەسەن ڕەحیم پوورئەزغەدی''، ئەندامی شۆرای باڵای فەرهەنگی، لەسەر گرانکردنی نرخی بێنزین، دەمەقاڵێ و ناکۆکی هاتووەتە ئاراوە.

لەم دانیشتنەدا، حەسەن ڕووحانی بەسەر ئەزغەدیدا دەنگی هەڵێناوە و  بەتوندی قسەی کردووە .

ئەزغەدی داوای لە حەسەن ڕووحانی کردووە کە سەبارەت بە گرانکردنی نرخی بێنزین کە بووەتە هۆکاری ڕاپەرینی خەڵک دژی ڕێژیم، وڵام بداتەوە و لەمبارەوە ڕوونکردنەوە بدات.

 دوای وڵامدانەوەی سەرکۆماری ڕێژیم، لەلایەن ئەزغەدییەوە، دەمەقاڵەیەکی توند هاتووەتە ئاراوە و ڕووحانی ئەم دانیشتنەی بەجێ هێشتووە.

دوای ماوەیەک قسەکردن لە نێوان کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەردا، بەپێی پەسندکراوێکی شۆرای باڵای هاوئاهەنگیی ئابووریی کە لە بەرپرسانی دەزگاکانی بەناو "یاسادانان، بەڕێوبەری و دادوەریـ"ـی ڕێژیم پێکهاتووە، نرخی بێنزین لە ئێراندا ٣٠٠ لەسەد گران بوو.

دوای گرانبوونی نرخی بێنزین، خەڵک بە دژی دەسەڵاتداریی ڕیژیمی ئیسلامیی لە شارەکانی کوردستان و ئێران، بەهاتنە سەر شەقام دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و تا ئێستا لەلایەن ڕێژیمەوە دەیان کەس کوژراون.