کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی دەبێ دادگایی بکرێن

11:13 - 26 خەزەڵوەر 2718

عەبدولڕەحمان ڕەسووڵ

فاشیزمی تیرۆریستی ئیسلامیی ئێران لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی لە ئێراندا بەردەوام پیلانی دژە ئینسانی جێبەجێ کردووە لە دژی نەیاران و ئۆپۆزیسیۆن و موخالیفانی خۆی، ئەویش ئەگەر لە ناوخۆی ئێران بن سەرکوتیان دەکات و زیندانیان دەکات و ئەشکەنجە و ئازاری زۆریان دەدات و لە سێدارەیان دەدات. ئەگەر موخالیفانی خۆی وڵاتیان جێ هێشت و چوونە وڵاتی تر ئەوا دیسان وازیان لێناهێنێت و بە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی هەوڵی لەناوبردنیان دەدات.

حسەین باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان و لە رێکەوتی ٢٠١٨/١٠/١١ رایگەیاند: ئاسایشی وڵاتەکەیان هێڵی سوورە و دەبێت هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا رێوشوێنی پێویست لە دژی حیزبە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان بگرنەبەر و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن و ئەرکی دراوسێیەتی جێبەجێ بکەن.

 باقری وتوویەتی: نابێت لە سنورەکانی ئێمە و لە نێو خاکی وڵاتانی دراوسێدا رێگە بدرێت چەکدارە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بنکە و بارەگایان هەبێت. هەرلەم مانگەدا واتە لە سەرەتای مانگی ١١ی ٢٠١٨ باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق هەڕەشەی لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کردووە کە نابێت لە باشووری کوردستان بمێنن و هەڕەشەی تۆپباران و سارۆخ بارانی کردووە . لە کاتێکدا دەرگیرە بە چەندەها کێشە و قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکییەوە، دەست هەڵناگرێت لە هەڕەشە و گەشەدان بە توندڕەوی و تیرۆریزم و سێدارە و کوشتن، بەم هەڕەشانەی زیاتر گۆڕ بۆخۆی هەڵدەکەنێت و بەرەو ڕوخانی سیستمیی ئیسلامیی لە ئێران مل دەنێ .

لە سەرئەنجامدانی تاوانەکانیان لە دژی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی ئێران پێویستە سەرجەم بەرپرسە باڵاکانی فاشیزمیی ئیسلامیی ئێران دادگایی بکرێن لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا، لە سەر ئەنجامدانی هەڕەشە و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و کردەوە تیرۆریستییەکانیان کە بە درێژایی تەمەنی ئەو سیستمە دژە بەشەرییە بە چەندەها کەسی تیرۆر کردووە و کۆمەڵکوژ کردووە .خودی ئەنجامدانی ئەم هەڕەشانە نیشانەی ئەوەیە ئەو ڕێژیمە دژە بەشەرییە لە هەبوونی ئازادی دەترسێت لەبەرئەوەی کاتێک ئازادی هەبێت ناتوانێت درێژە بە گەشەی بیروباوەڕی کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانی خۆی بدات، لەبەرامبەر بیروباوەڕی ئازادیخوازی و سیکۆلاریستی و مرۆڤایەتیدا شکست دەهێنێت، بۆیە بە درێژەدانی تەمەنی سڵ لە ئەنجامدانی هیچ کردەویەکی دژە ئینسانی ناکاتەوە، بەردەوام گەشە بە تیرۆر و کۆمەڵکوژیی و توندڕەوی دەدات .

لە درێژەی کردەوە کۆنەپەرست و دژە مرۆڤایەتییەکانیدا لە ۷-۱۱-۲۰۱۷ سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هۆلەند تیرۆر دەکات. ئەویش بەڕێز(احمد مەولا) سەرۆکی بزوتنەوەی خەباتی عەرەبی بۆ ڕزگاری، لەشاری لاهای لە هۆلەند تیرۆر دەکرێت. ئەو سەرکردەیە هەڵسوڕاوێکی سیاسی نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بوو، چالاکانە تێکۆشانی کردووە بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی عەرەب و بەبیروباوەڕی خۆی ڕەخنەی لە سیستمی ئیسلامی ئێران گرتووە، کە کاربەدەستانی باڵای ئێران و سیستمی ئیسلامیی ئێران بەهیچ شێوەیەک ماف وئازادییەکانی گەلانی ئێرانی دابین نەکات، بەڵکوو موخالیفان و ئازادیخوازانی نەتەوەکانی ئێران زیندانی دەکات و لەسێدارە دەدات.

بۆیە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پیلانی تیرۆرکردنی بۆ دادەنێن، زۆر بەداخەوە لە وڵاتێکی پێشکەوتوو و دەوڵەتێکی یەکیەتی ئەورووپادا تیرۆری دەکەن. نەخشە و پیلانەکەیان چەندەمین جارە لە وڵاتانی ئەورووپا سەرکەوتوو دەبێت و سەرکردە و هەڵسوڕاوانی ئازادیخواز و سیکۆلار تیرۆر دەکرێن.

لە نەمسا دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێکانی تیرۆر کرا، دواتر لە ئەڵمانیا دوکتور سەعید سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێکانی تێرۆر کران، واتە تەنیا لە ماوەی سێ ساڵدا دوو سکرتێر و چەندین هەڵسوڕاوی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تیرۆر کران. لە وڵاتی دانیمارک هەوڵی تیرۆر کردنی چەند هەڵسوڕاوێکی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کە عەرەب زمانن دەدرێت کە خۆشبەختانە سەرکەوتوو نابن .

لە باشووری کوردستان ساڵانە کردەوەی تیرۆریستی لەدژی هەڵسوراوانی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی ئەنجام دەدرێت و تەنانەت موشەکبارانی کەمپەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ژن و منداڵی تێدایە دەکرێ و کۆمەڵکوژ دەکرێن، هەموو ئەوانە بە نەخشە وپیلانی کاربەدەستانی باڵای فاشیزمیی ئیسلامیی ئێران جێبەجێ دەکرێ و ئەنجام دەدرێت. ئەمانە هەموو بەڵگەی تەواوی تیرۆریست بوون و فاشیزمیی ئیسلامیی ئێران دەسەلمێنێت. ئەرکی دەوڵەتانی پێشکەوتوو و شارستانی و دەوڵەتانی یەکیەتی ئەورووپا سنوورێک بۆ ئەو ملهۆڕی و کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری فاشیزمی ئیسلامیی ئێران دابنێن و هاوکاربن بۆ ڕووخانی ئەو ڕێژیمە دژە بەشەری و ڕەجحییە .چیتر هاوکار نەبن بۆ درێژەپێدانی تەمەنی مانەوەی بۆ گەشەدانی تیرۆر و لەسێدارەدان. نەفرەت لە تیرۆر و کوشتن و سێدارە.

سەرکەوتووبێت تێکۆشان بۆ هێنانەدی سیستمێکی سیکۆلار و ئازاد و دوور لە چەوسانەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.