کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی حەراسەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم هەڕەشە لە مامۆستایانی ناڕازی دەکەن

11:30 - 7 بەفرانبار 2721

لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسانی حەراسەتی پارێزگای سنە لە سەردانیان بۆ شارەکانی ئەو پارێزگایە و لە کۆبوونەوەگەلێکدا کە بۆ مامۆستایانیان گرتووە پێیان ڕاگەیاندوون کە ئەگەر لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداری بکەن، گرێبەستە کارییەکانیان بۆ درێژ ناکەنەوە و لە وەزارتی پەروەردە و بارهێنان دەر دەکرێن.

هەروەها ئەو مۆرە ئەمنییانەی ڕێژیم بە مامۆستایانیان وتووە کە هەر کاردانەوەیەکی مامۆستایان دەخرێتە ژێر چاوەدێری و ڕێگە نادەن کەسێک ببێتە مامۆستا کە دژایەتیی دەسەڵات و سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بکات.

ئەو کۆبوونەوانە لە کاتێکدا بۆ مامۆستایان دەگیرێت کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەوپەڕی هەوڵی خۆی داوە کە لە هەموو ئۆرگانەکان بە تایبەت لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێناندا تەنیا ئەو کەسانە دابمەزرێنێت کە سەر بە خۆیانن و دژایەتیی ڕێژیمی ئێران ناکەن.

لە ماوەی ڕابردوودا ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان لە بابەت خراپیی ڕەوشی خوێندن و زیندانیکردنی مامۆستایان دەستی پێ کرد و سەرەڕای هەڕەشەی کاربەدەستانی ڕێژیم و پیلانەکانیان، ناڕەزایەتی و خواستی شۆڕش و ئاڵوگۆڕی بنچینەیی لە ئاستی بەریندا لە زیادبووندایە.