کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی سپا هەڕەشەی مووشەکی لە ئورووپا دەکەن

10:50 - 15 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە بۆ دەربازبوون لە دەست قەیرانی ئابووری و سیاسی پشتیان بە یەکیەتیی ئورووپا بەستبوو، بە هۆی ناهومیدبوونیان کەوتووەتە هەڕەشەکردن لە ئورووپا.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ناوەندی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕێبەندان، جێگری فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، حوسێن سەلامی، لە  بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، هەڕەشەی لە ئورووپا کردووە و وتوویەتی: ئەگەر ئورووپا سیاسەتی چەککردنی مووشەکیی ئێران بگرێتە بەر، کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچارە پەنا بۆ پەڕینەوە لە ستراتیژی و سیاسەتی بەرنامە مووشەکەکییەکانی خۆی ببات.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، هەواڵدەریی فارس ڕایگەیاندووە، کە مووشەکی بالستیکی دوورهاوێژی خوڕەمشەهر، نوێترین مووشەکی بالستیکیی ڕێژیمی ئێران، بە کڵاوەی نوێ لە جۆری کونتڕۆڵکراو هەتا کۆتاییی مەودا تەیار کراوە.

جێگری فەرماندەی سپا، لەم پێوەندییەدا باسی لەوە کردووە، لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی مووشەکی "هیچ کەس پێشنیار، وتووێژ و داواکارییەکی بۆ ئێمە نەبێت"، چونکە ئەم بابەتە ئێمە ناچار بە گۆڕینی هاوکێشە دەستڕاگرییەکانمان دەکات.

ناوبراو، باسی لەوە کردووە، کە نەگۆڕبوونی مەودای مووشەکەکان بە هۆی سیاسەتی کۆماری ئیسلامییە نەک لاوازبوونی بواری فەنی و تێکنۆلۆژی و "سیاسەتی مووشەکیی ئێمە بابەتێکی نەگۆڕە و بەپێی گۆڕینی هەڵسوکەوتی ئەکتەرەکان دەگۆڕدرێت".

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە دۆخێکی شپرزدایە و لە هەموو لایەکەوە کەوتووەتە ژێر گوشارەوە، جگە لە هەڕەشە کە یەکێک لە ڕێکارە سەرەکییەکانی ئەم ڕێژیمەیە، هیچی دیکەی بە دەستەوە نەماوە و ماڵی ئاواتەکانی کە یەکیەتیی ئورووپا بوو، بە سەریدا ڕووخاوە و دوایین پەلەقاژێیەکانی بە شێوەی هەڕەشە پیشان دەدات.