کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی قوتابخانەکان داوایان لە منداڵان کردووە کە پارە بۆ قوتابخانە بێنن

10:16 - 11 رەزبەر 2721

پاش نزیک بە ١٥ ڕۆژ لە کرانەوەی قوتابخانەکان هێشتا زۆربەی منداڵانی قوتابخانەکان کتێبی دەرسییان پێ نەدراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم هەر لەم ماوەدا پاکەتی بە منداڵان داوە هەتا یارمەتیی ماڵی بۆ قوتابخانە بێنن .

لە "سەقز" قوتابخانەکان بەهۆی کۆرۆناوە سێ ڕۆژ لە حەوتوودا کراوەن کە ئەویش دوو هەتا سێ کاتژمێر لە ڕۆژدا دەکرێنەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەهۆی نەبوونی کتێبی دەرسیی ساڵی نوێ زۆربەی قوتابییەکان لەو ماوەیەدا جگە لە دانیشتن هیچ کارێک ناکەن .

گرانبوونی کەرەستەکانی خوێندن و تێچووی زۆری خوێندن لە کوردستان بووەتە هۆکار هەتا زۆربەی قوتابییەکان دەست لە خوێندن هەڵ بگرن، بەو حاڵەش ڕێژیم زۆر بێشەرمانە بەردەوام بنەماڵەی قوتابییان دەخاتە ژێر گوشارەوە هەتا پارە بۆ قوتابخانەکان بێنن.

پەروەردەی ڕێژیم بەردەوام دەڵێت، ئێمە داوای پارە لە هیچ قوتابییەک ناکەین و ئەوە قوتابییەکانن بە ئێختیاری خۆیان پارەمان بۆ دەهێنن .

پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم کە بە شێوەی نەرم هەوڵی سڕینەوەی شوناسی نەتەوەکان لە جوغرافیای ئێراندا دەدات لەوپەڕی بێکەفایەتیدا زیاتر لە یەک مانگە پارەی کتێبی لە خوێندکاران وەرگرتووە و هێشتا نەیتوانیوە کتێب بگەیەنێتە دەستیان.