کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی قوتابخانەکانی ڕوانسەر داوای یارمەتی ماڵیی لە قوتابییان دەکەن

11:48 - 4 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی قوتابخانەکان به هاوکاریی بەرپرسانی ئەنجومەنی ئەولیا و مورەبییان، لە شاری ڕوانسەر، بە ناردنی نامە داوا لە بنەماڵەی قوتابییان دەکەن، کە وەکوو دیاری بڕە پارەیەک لە ٢٠ هەزار هەتا سەرتر پێشکەشی قوتابخانەکان بکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی قوتابخانەیەک لە شاری ڕوانسەر بە ناردنی نامەیەک بەم نێوەڕۆکەوە: "کە بۆ گەشە و دەرخستنی توانایی و لێهاتووییی منداڵەکان، لە بەڕێوەبردنی بەرنامە جۆراوجۆرەکانی فێرکاری و پەروەردەییدا یارمەتیدەری قوتابخانەکان بن"، داوا لە بنەماڵەی قوتابییان دەکەن کە یارمەتییەکانیان وەکوو دیاری لە ٢٠ هەزار تمەنەقە هەتا سەرتر پێشکەشی قوتابخانەکان بکەن.

داواکاریی ئەم بەرپرسانە لە حاڵێکدایە که لەو نامەیەدا هیچ باسێک لە جۆری خزمەتگوزارییە فێرکاری و پەروەردەییەکان نەکراوە و ڕوون نییە کە ئەو بڕە پارەیە بۆ چ مەبەستێک بەکار دەهێنرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، بەرپرسانی قوتابخانەکان بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا، بۆ پڕکردنەوەی گیرفانی خۆیان و بە قسەی خۆیان نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و تەرخانکردنی کەرەستەی شیاوی فێرکاری و خزمەتگوزاری بۆ قوتابییەکان، داوا لە بنەماڵەی قوتابییەکان دەکەن، کە بە دانی پارە یارمەتیی قوتابخانەکان بکەن.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە زۆربەی هەرەزۆری قوتابخانەکانی ئێران لە کەمترین پێداویستییەکانیش بێبەرین و هەر ڕۆژ لە شوێنێکدا منداڵێک به هۆی کێشەکانی قوتابخانەوە گیانی لە دەست دەدات.