کوردستان میدیا: بەرپرسانی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و ئەرتشی عێراق، بە مەبەستی چارەسەریی ناوچە کێشەلەسەرەکان، کۆ بوونەوە.
میدیاکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە کە ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی پووشپەڕ، بەرپرسانى پێشمەرگە و ئەرتشی عێراق لە سنوورى "کەرکووک، دیالە و سەلاحەددین"، کۆبوونەوەتە کە ئامانج لەو کۆبوونەوەیه، کارى هاوبەش و ئەنجامدانى هەماهەنگى بووە لە پێناو گەڕاندنەوەی سەقامگیرى بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو کۆبوونەوەیە لە نێوان "سەعد حەربیە"، فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووک و "نوورى حەمە عەلى"، فەرماندەى مێحوەرى کەرکووک ـ پردێى پێشمەرگە بەڕێوە چووە.
لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەوە یەکەم کۆبوونەوەیە لە پردێ لە نێوان پێشمەرگە و ئەرتشی عێراقدا ئەنجام بدرێت.
"نوورى حەمە عەلى"، زانیاریى وردی لەسەر ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەیان ئاشکرا نەکردووە و تەنیا باسی لەوە کردووە کۆبوونەوەکە بۆ هەماهەنگى و گفتوگۆکردن بووە لەسەر دۆخى ناوچەکە.
هاوکات "جەبار یاوەر"، ئەمیندارى گشتیى وەزارەتى پێشمەرگە، ئاماژەى بەوە کردووە وەزارەتى پێشەرگە و وەزارەتى بەرگریی عێراق، شەش لیژنەیان بۆ هەماهەنگىکردن و کارى هاوبەش هەیە.
ئەنجامدانى کۆبونەوە لە نێوان لێژنەکانى پێشمەرگە و ئەرتشی عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان داواى گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە و دروستکردنى هەماهەنگى لەگەڵ ئەرتشی عێراق دەکات.