کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی پلەبەرزی ڕێژیم لە سەردانەکانیان بۆ کوردستان بەردەوامن

11:35 - 22 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: جیا لە فەرماندە تێرۆریستەکانی سپای پاسداران و باقی بەرپرسانی نیزامیی دیکەی ڕێژیمی ئێران، کاربەدەستانی سیاسیی ڕێژیمیش بە چڕوپڕی سەردانی کوردستان دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، جێگری وەزیری ڕێژیم سەردانی سنووری تەمرچینی پیرانشاری کردووە و لەگەڵ کاربەدەستانی ڕێژیم لەو شارە کۆ بووەتەوە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم ئامانجی سەردانی جێگری وەزیری ڕێژیمیان بۆ چارەسەریی کێشەکان و بەرزبوونەوەی ئاڵوێری بازرگانی لە سنووری تەمرچین گەڕاندووەتەوە.

هاوکات ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوەی کردووە، کە دەبێ بازاڕچەی کاتی و نافەرمی کۆ بکرێتەوە، هەتا خەڵک بتوانێت لە سوودەکانی ئەو سنوورە بەهرەمەند بن.

سەردانی بەرپرسانی سیاسی و نیزامی بۆ ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی بواری ئابووری و خۆشبژیوی خەڵکی کوردستان نییە و ئەو سەردانانە بۆ ئەوەیە کە کوردستان زیاتر میلیتاریزە بکەن.

هاوکات فەرماندە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە فەرمی باسیان لەوە کردووە بۆ پێشگرتن بە چالاکیی حیزبە کوردییەکان لە نێوخۆی وڵات هەموو ڕێگایەک دەگرینە بەر.

لە کاتی دەسپێکردنەوەی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حزووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نێوخۆی وڵاتدا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەموو تواناوە دەستی داوەتە میلیتاریزەکردنی کوردستان.

سنووری تەمەرچین لە ١٥ کیلۆمیتریی ڕۆژئاوای پیرانشار هەڵکەوتووە و یەکێک لە نزیکترین ڕێڕەوەکانی زەوینییە بۆ دەریاری نێوەڕاستی ڕۆژهەڵات.

سنووری تەمەرچین ساڵی ٨٦ی هەتاوی وەک سنووری فەرمیی ناسێندراوە.