کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی پێشووی ئامریکا داوا لە "ترامپ" دەکەن کە گوشارەکان بۆ سەر ئێران زیاتر بکات

13:12 - 7 بانەمەڕ 2720

٥١ کەس لە بەرپرسانی باڵای پێشوو و کارناسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە نامەیەکدا داوایان لە سەرکۆماری ئەو وڵاتە کردووە کە گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران توندتر بکاتەوە.

بەرپرسانی پێشووی ئامریکا لە نامەیەکدا داوایان لە ''ترامپ ''کردووە، هەتا کاتێک کە ڕێژیمی ئێران دەست لە پشتیوانیی تێرۆریزم هەڵنەگرێت، بەرنامەی ناوکی و مووشەکیی خۆی ڕانەگرێت، هەموو بارمتەکانی ئامریکا ئازاد نەکات، هێزەکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچە نەکشێنیتەوە و سەرکوتی خەڵک لە ئێراندا ڕانەگرێت، نابێ گەمارۆکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران کەم بکرێنەوە.

واژۆکەرانی ئەم نامەیە جەختیان کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران بە دوای وەدستهێنانی سەرچاوەی ماڵی بۆ هەوڵە شەڕخوازەکانی خۆی لە ناوچەکەدایە و بە سەرنجدان بە ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران لە گەرمەی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا درێژە بەم هەوڵانە دەدات، نابێ گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمە کەم بکرێنەوە.

ئەوان وتوویان کە ''عەلی خامنەیی''، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە داراییەکانی خۆی کە لە میلیاردها دۆلار پووڵی خەڵکی ئێران پێک هاتووە، لە ئامانجە تێکدەرانەکانیان خەرجی دەکەن.

نووسەرانی ئەم نامەیە وتوویانە کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بە چڕکردنەوەی گوشارە لەڕادەبەدەرییەکان، ئاخوندەکان ناچار بەوە بکەین کە پووڵی خۆیان بۆ خەڵکی ئێران خەرج بکەن، نەک زێدەخوازییەکانی ناوکی، دەسەڵاتخوازی و سەرکوتی نێوخۆیی.