کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن کە پەراوێزنشینی لە ئێران گەیشتووەتە ٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بنەماڵە

12:17 - 10 خەرمانان 2720

وەزارەتی ڕێگا و شارسازیی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە دیاردەی پەراوێزنشینی لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندایە.

"مەهدی عبووری" جێگری وەزیری ڕێگا و شارسازیی ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا چەند ئامارێکی لەسەر پەراوێزنشینی و پێکهاتەی شارەکانی ئێران بڵاو کردووەتەوە و باسی لە بوونی زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار پەراوێزنشین لە ئێراندا کردووە.

"عبووری" لەو ئامارەدا ئاماژەی بە ١٤٨ هەزار هێکتار لە پێکهاتەی ڕووخاوی شارەکان کردووە کە ئەو پێکهاتانە چیتر کەڵکی نیشتەجێبوونیان نەماوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، نزیک بە یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بنەماڵە لە پێکهاتە ڕووخاوەکان، سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بنەماڵەی دیکە لە خانووە نایاسایی و ناستاندارد لە پەراوێزی شارەکاندا دەژین.

ئەو ئامارەی "عبووری" لە کاتێکدایە کە لەگەڵ ئاماریی ساڵانی ڕابردوودا زۆر جیاوازە و  بەرپرسانی ڕێژیم ئامارەکانی یەکتر بە درۆ دەخەنەوە.

پێشتر سەرۆکی دەزگای بێهزیستیی ڕێژیمی ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاندبوو کە لە ئێران ١٣ ملیۆن کەس لە پەراوێزی شارەکاندا و لە خراپترین بارودۆخدا دەژین کە ئەمەش جێگەی نیگەرانییە.

ئەو ناوچانەی کە پەراوێزنشینەکان تێیدا نیشتەجێن خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندین کە زەقترینیان بەم چەشنەیە: "هەڵگری ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکن، بێکاری تێیدا زۆر بەربڵاوە، ئاستی داهات و فێرکاری زۆر لە خوارەوەیە و بەپێچەوانەشەوە ڕێژەی تاوانەکان گەلێک لە سەرەوەیە".

بە ڕای کۆمەڵناسان، ئەم ناوچانە باشترین بەستێنیان بۆ خستنەڕووی ئازادانەی ماددە سڕکەرەکان، دزی کردن، فرۆشی منداڵ، لەشفرۆشی و دروستکردنی منداڵانی کار هەیە؛ بەکورتی لەبارترین کۆمەڵگان بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان.