کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم بە ئاماری درۆ خەڵک فریو دەدەن

13:08 - 25 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم سەرەڕای خۆبواردن لە گەیاندنی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی لافاو، سەبارەت بە زیانەکانی ئەو ڕووداوە ئاماری درۆ بڵاو دەکەنەوە و چەواشەکاری دەکەن.

ماوەی زیاتر لە سێ حەوتوویە، لافاو تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و هەژمارێکی زۆر لە خەڵکی ناوچە لافاولێدراوەکان گیانیان لە دەست داوە، سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکی یاساییی ڕێژیم باسی لە گیانلەدەستدانی تەنیا ٧٦ کەس بە هۆی لافاوەکان کردووە، کە ئامارگەلێکن دوور لەو ڕاستییانەی کە دەبینرێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە ڤیدئۆ و وێنە بڵاوکراوەکان لە لایەن خەڵکەوە، لە نێو چوون و نوقمبوونی چەندین گوند نیشان دەدات، کە بە هۆی لافاوەوە تەواوی خەڵکی ئەو گوندانەش بێسەروشوێنن.

بەرپرسانی ڕێژیم، سەرەڕای بڵاوکردنی ئاماری درۆ سەبارەت بە کوژراوان و زیانەکانی لافاوەکانی ئەم دواییانە، لە شارەکانی کوردستان و ئیراندا، تەنانەت نکۆڵی لە ڕوودانی لافاو دەکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا، "جەلیل باڵایی"، بەرپرسی گشتی مودیرییەتی قەیرانی پارێزگای کرماشان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکی سەر بە ڕیژیم وتوویەتی: "لافاوێک بە واتای ڕاستەقینە لەم پارێزگایەدا نەهاتووە و ئەو کەسەش کە وتراوە بە هۆی لافاوەوە گیانی لە دەست داوە، کەوتووەتە نێو ڕووبارەوە.

لە لایەکی دیکەوە لە درێژەی درۆوەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، سەرۆکی هیلال ئەحمەری ڕێژیم ڕایگەیاندووە، کە هیچ یارمەتییەکمان بە شێوەی دۆلار لە وڵاتانی دەرەوە  وەرنەگرتووە و ئەمە لە حاڵێکدایە، کە ڕێژیم پێشی بە هاتنی یارمەتییەکانی خەڵکی کوردستانی باشووری بۆ لافاولێدراوانی لوڕستان و ئیلام گرتووە.