کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم بە بیانووی دەیەی فەجرەوە بوونەتە مایەی سەرئێشەی خەڵک

12:40 - 13 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: مۆرەکانی رێژیمی ئێران هەموو ساڵێک بە بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک مانۆڕی تایبەت به دەیەی فەجر واته لە ماوەی نێوان ١٢ هەتا ٢٢ ڕێبەندان، موزاحمی خەڵک دەبن و کێشە بۆ خەڵک درووست دەکەن.

ئەمساڵێس هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسانی ڕیژیمی ئێران دەستیان داوەتە ڕێکخستنی هەندێک مانۆڕی تایبەت به دەیەی فەجر و بەم شێوەیە خەڵکیان تووشی کێشە و سەرئێشە کردووە.

مەسعوودی، جێگری فەرماندەی ئینتیزامیی شاری سنه، باسی لە ڕێژەی ٥٧ مۆتۆرسوار کردبوو کە لە ڕێگای نێوان فڕۆکەخانەی سنە هەتا مەیدانی ئازادیی ئەم شارە ئەنجام دراوە.

لەم ڕێژەیەدا، مۆتۆرسوارەکان لە فڕۆکەخانەوە ڕۆیشتوونەتە مەیدانی ئازادی و پاش سێ جار بادانەوە لە دەوری مەیدانی ئازادی ڕێژەکەیان تەواو کردووە.

جێگای ئاماژەیە کە بۆ ئەنجامدانی ئەم ڕێژەیە، مەیدانی ئازادیی سنە کە سەرەکیترین و پڕهاتوچۆترین مەیدانی شارە بەستراوە و ئیزنی هاتووچۆی هیچ ماشینێک لەم شوێنە نەدراوە.

بەرپرسانی رێژیمی ئێران هەموو ساڵیك به بۆنەی دەیەی فەجر و هەروەها بۆنەکانی دیکەی وەک عاشوورا و تاسووعاوە، ئەم ڕێگایە بۆ خۆیان قۆرغ دەکەن و ئیزن نادەن که هیچ ماشینێک لەو ڕێگایەدا هەتا کاتی تەواوبوونی رێژەکە هاتوچۆ بکات.

رێگای نێوان مەیدانی ئازادی هەتا فڕۆکەخانەی سنە ڕێگای چوون به زانکۆکان و زۆر شوێنێ گرینگی دیکەی خەڵک لە سنەیە و بەرپرسانی ڕێژیم بەم کارە هەموو ساڵێک موزاحمی خەڵکی ئەم شارە دەبن و ئەیانەوێ لەم ڕێگایەوە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی پڕ لە شوورەیی و بێ ئاکامی خۆیان بشارنەوە.

هاوشێوەی ئەم سەرئێشە درووست کردنانە لە شارەکانی دیکەش دەبیندرێ و ڕێژیم بەم جۆرە کارە نەشیاوانە تەنیا هێندەی دیکە چییەتی ڕاستەقینەی خۆی دەردەخات.