کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم بەر بوونەتە گیانی یەکتر

12:22 - 26 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ئەحمەدی‌نژاد لە نوێترین هێرشی بۆ سەر هاوقەتارەکانی خۆی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی بە کەسێکی ناجێگیر زانیوە، کە تەنیا کاری دۆسیە دروستکردنی درۆینەیە بۆ خەڵک.

سەرکۆماری پێشووی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، وێڕای ڕەخنەگرتن لە حوکمی ئەسفەندیار ڕەحیم مەشایی، هێرشی کردووەتە سەر حوسێن تائیب، بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و ڕایگەیاندووە: کە کاری ئەو تەنیا بەدرۆ دۆسیە سازکردنە بۆ خەڵک.

ئەحمەدی‌نژاد هەروەها ڕایگەیاندووە: "هەمووان ئێستا دەزانن و باش تائیب دەناسن، کە مرۆڤێکی نەخۆشە و تەندروستیی دەروونی نییە".

ناوبراو باسی لەوە کردووە، کاتێک کە حوسێن تائیب لە سەردەمی سەرکۆماری هاشمی ڕەفسنجانی، پۆستی جێگری وەزارەتی ئیتلاعاتی هەبوو، بە هۆی ئاژاوەگێڕییەکانی لە نێوان بەرپرساندا، لە پۆستەکەی وەلا نرا.

لەگەڵ پەرەسەندنی کێشە و قەیرانەکانی ڕێژیم، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەش کەوتوونەتە گیانی یەکتر و هەر کامەیان بە تاوانبار کردنی ئەوی دیکە، هەوڵ دەدەن هەتا پاکانە بۆ خۆیان بکەن و خۆیان لە هەموو ئەو جەنایەتانەی کە کردوویانە دەرباز بکەن.