کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم تەنانەت توانایی لەنێوبردنی زبڵ و خاشاکیان نەماوە

12:45 - 27 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: زبڵ و خاشاک وەکوو یەکێک لەو کێشانەی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران توانایی لەنێوبردنیانی نییە، تەندروستی و ژیانی خەڵکیان خستووەتە مەترسییەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردان، خەڵکی گوندی "دربکە" و کرێکارانی کارخانەی قەندی پیرانشار، بە هۆی کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکانی شاری پیرانشار لەو نزیکانە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و  لە هەمبەر ئەم کارە نابەرپرسانەی بەرپرسانی ڕێژیم، مانیان گرتووە.

ئەم زبڵ و خاشاکە کە چەند ساڵێکە لە نزیکیی ئەم گوند و  کارخانەیە کۆ دەکرێنەوە، خەڵکی ئەم دەڤەرەی تووشی کێشە و نەخۆشی کردووە و هەناسەکێشانی خەڵکی لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو کردووە.

هەر بەم بۆنەوە ناڕازییان بە ماوەی چەند کاتژمێرێک، پێشیان بە هاتوچۆی ماشینەکانی شارەداری گرتووە و نەیانهێشتووە کە زبڵ و خاشاکەکان لەو شوێنە هەڵڕێژن.

هەرچەندە لە لایەن بەخشداری و فەرمانداریی شاری پیرانشار، بەڵێنیی داپۆشین و بنگڵکردنی ئەم زبڵانە بە ناڕازییان دراوە، بەڵام ئەمە یەکەمجار نییە کە وادەی بێبنەمای وا دەدەن، بەڵکوو چەندین ساڵە ئەم بەڵێنانە دەدەن و قەت جێبەجێیان نەکردوون.

 هەر لەم پێوەندییەدا، خەڵکی شاری شنۆ، بە هۆی نەبردنی زبڵ و پاشماوەکانیان لە لایەن شارەداریی ئەم شارەوە و مانەوە لەنێو  زبڵدانەکاندا نیگەرانن  و بە دانانی وێنەی زبڵدانە پڕ لە زبڵەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

ئەگەرچی خەڵکی شنۆ نیگەرانی ئەم دۆخە نالەبارەی شارەکەیانن، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم لە شارەداریی ئەم شارەدا خۆیان مات و بێدەنگ کردووە و هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە نادەن.