کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم جارێکی تر قامکی تاوانیان بۆ لای ئیسرائیل و ئامریکا ڕاکێشایەوە

17:49 - 27 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: پاش ئەوەیکە هێزێکی ئۆپۆزیسۆنی چەکدار لە بەلووچستان هێرشیان کردە سەر پاسێکی سپای پاسداران، جارێکی تر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران قامکی تاوانیان بۆ لای ئیسرائیل و ئامریکا ڕاکێشایەوە.

دوابەدوای ئەوەیکە لەلایەن هێزێکی چەکداری نەتەوەی بەلووچەوە هێرش کرایە سەر پاسێکی بەناو سنوورپارێزی سپای تێرۆریستی پاسداران و هەموویان کوژران و بریندار بوون، بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەکوو دروشم و وتاری هەمیشەیی خۆیان جارێکی تر قامکی تاوانیان بۆ لای ئیسرائیل و ئامریکا ڕاکێشایەوە و زۆر بە توندی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن.

ڕۆژی هەینی ۲۶ی ڕێبەندان، ئاخوند مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، ئەو هێرشەی هێزەکانی بەلووچستانی بە ئامریکا و ئیسرائیلەوە بەستەوە و ڕایگەیاند: ئەو هێرشە لە لایەن دارودەستە و نێردراوەکانی ئیسرائیل و ئامریکاوە ئەنجام دراوە، تۆڵەیەکی توند و بەزەبر لە هەموو ئەو کەسانەی کە داڕێژەر و هاندەر و بکەرانی ئەو کردەوەیە بوون، دەکەینەوە.

لە لایەکی ترەوە "سادق لاریجانی ئامۆلی"، بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران، بە هەمان شێوە ئەو هێرشەی بە ڕۆژاوا و ئامریکا و ئیسرائیلەوە بەستەوە و ڕایگەیاند: "دەستی سەرەڕۆخوازانی (استکبار) جیهان بە سەرکردایەتی ئامریکای جینایەتکار لە ڕێگای نیشتمانفرۆشەکانی دەرەوەی ئێران، ئەو تاوانەیان خوڵقاندووە".

هەر لە ڕۆژی هەینیدا، فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، هەڕەشەی لە هێزەکانی بەلووچ کرد و وتی: "ئەنجامدەران و لایەنگرانی تاوانی دژە مرۆڤی کە پەلاماری تێرۆریستیی پارێزگای سیستان و بەلووچستانیان داوە، دەبێت چاوەڕوانی سزا و تۆڵەیەکی قورس بن".

پێشتر خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم، بێ ئاماژەدان بە هیچ سەرچاوەیەک ڕایگەیاند، ڕوونە کە ئەو هێرشە لە لایەن ناوەند و ڕێکخراوە سیخۆڕییەکانی هێندێک لە وڵاتانی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش، ئەنجام دراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ۲٤ی ڕێبەندان، لە هێرشێکدا بۆ سەر پاسێکی بەناو سنوورپارێزانی سپای تێرۆریستی پاسدارن کە ٤۰ کەسی تێدا بوو، لە نێوان جادەی خاش ــ زاهێدان لە هەرێمی بەلووچستان، هەر هەموو چل کەسەکە کوژران و بریندار بوون.

ڕۆژێک دواتر، ڕێکخرای "جەیشولعەدل" لە ڕاگەیەندراوێکدا بە فەرمیی هێرشەکەی بە ئەستۆ گرت و ڕایگەیاند، لە تۆڵەی کوشتن و سەرکوتی خەڵکی بێتاوانی بەلووچ ئەو هێرشەمان ئەنجام داوە و ئەو هێزە تێرۆریستییانەی ڕێژیم کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە سەرکوتی خەڵکدا هەیە، زیاتر دەکەینە ئامانج.