کوردستان میدیا: ڕووداوی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی رابردوودا، بووەتە هۆی خراپتربوونی دۆخی ژیان و لە ئاکامدا بەرزبوونەی ڕێژەی خۆکۆژیی لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشاندا.
"ئومید قادری"، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی بێهزیستیی ڕێژیم له کرماشان، لە قسەکانیدا لە پێوەندی لەگەڵ پرسی خۆکوژی وتی: "لە هەموو دنیادا ٣ لەسەدی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو بیر لە خۆکوژی دەکەنەوه، بەپێی ئەو قسەیە ئەو ئامارە لە کرماشاندا کەمتر لە نیو لەسەدە.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران، بوونی دڵەڕاوکێ، ترس، خەمۆکی و تەنانەت خۆکوژی لە ئاکامی ڕووداوەکانی وەک بوومەلەرزەی بە شتێکی سروشتی وەسف کردووە.
پێشتریش "شەهاب نادری" نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیسدا، دوای ٢ مانگ لە ڕوودانی کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان باسی لەوە کردبوو: "هەتا ئێستە لانیکەم ٢٠ حاڵەت خۆکوژی لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشاندا ڕووی داوە و سەرەڕای ئەوەش ٣٠ حاڵەت منداڵبوون لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشاندا تۆمار کراوە، کە دۆخی ئەو کۆرپانەش نالەبارە و هەروەها ٤ کەسیش بە هۆی سەرما گیانیان لە دەست داوە".
لە لایەکی دیکەوە بەپێی ئاماری خودی بەرپرسانی ڕێژیم، لە ساڵێ ٩٥دا ئاماری خۆکوژی لە پارێزگای کرماشاندا ٤ قات لە نێونجیی وڵات زیاتر بووە.
دوای تێپەڕینی ٧ مانگ لە ڕوودانی کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، هەتا ئێستا ڕێژیم نەیتوانیوە کێشەی بوومەلەرزەلێداوانی کرماشان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چارەسەر بکات و خەڵک خۆی یارمەتی یەکتر دەکەن.