کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم دان بە ناکارامەیی خۆیاندا دەنێن

17:02 - 2 بانەمەڕ 2720

وەزیری پێشووی ئابووریی ڕێژیمی ئێران باس لە کەمتەرخەمی و ناکارامەیی دەوڵەت دەکات و دان بە بێکیفایەتیی خۆیاندا دەنێت.

''شەمسەدین حوسێنی''، وەزیری پێشووی ئابووریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتویەتی، ئەگەر لە خەڵک بپرسی، بەباشی بۆت دەردەکەوێت کە دەوڵەت هیچ کارێکی بۆ نەکردوون، مەجلیس هیچ ڕۆڵێکی لە بژێویی خەڵکدا نەبووە، سەرۆکی مەجلیس هەموو کارەیە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، سیاسەتی ئابووری لەهەمبەر کەمکردنەوەی ئاسەواری دروستبوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران هەوڵێکی ئەرێنی نەبووە و شوێندانەرییەکی ئەوتۆی لەسەر بژێویی خەڵک دانەناوە.

''حوسێنی'' لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی، هێشتا ئەو بۆشاییە ئابوورییە لە کاتی دابڕگە و داخستنی کار و پیشەی خەڵکدا هاتووەتە ئاراوە بەهۆی نەبوونی بەرنامەیەکی ئابووریی دیاریکراو بەسەر خەڵکەوە قورسایی دەکات.

ناوبراو باسیشی لەوە کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە خەریکین لە مانگی ڕەمەزان نزیک دەبینەوە و دەبێ دەوڵەت بەرنامەیەکی ئابووریی دیاریکراوی بۆ خزمەتکردن بە خەڵکی لەو مانگەدا بخستایەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ناکارامەیی و بێکیفایەتیی دەوڵەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گەیشتووەتە ڕادەیەک کە خودی بەرپرسانی ڕێژیمیش ناتوانن حاشای لێ بکەن و نکۆڵی لە نابەرپرسایەتیی خۆیان بکەن.