کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم دان بە نەشیاویی خۆیاندا دەنێن

13:19 - 10 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی شارەداریی ڕێژیم لە شاری کرماشان، دان بە نەشیاویی بۆ پێدانی حەقدەستی کرێکارەکانیاندا دەنێن.

"هووشەنگ بازوەند"، پارێزگاری پارێزگای کرماشان، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی شۆرادا، کە لە پارێزگاریی کرماشاندا بەڕێوە چووە، دانی بە نەشیاویی شارەدارییەکان بۆ پێدانی حەقدەستی کرێکارەکاندا ناوە و وتوویە: شارەدارییەکان بەگشتی تواناییی پێدانی حەقدەستی کرێکارانیان نەماوە.

ناوبراو هۆکاری ئەو نەشیاوییەی بۆ بێدەسەڵاتیی شۆراکان گەڕاندووەتەوە، لە حاڵێکدا کە کێشەکانی چینی کرێکار لە ئێراندا و بەتایبەت لە پارێزگاکانی کوردستان، هیچ ئاوڕێکی جیددی لێ نادرێتەوە و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم هۆکاری سەرەکیی ئەو کێشانەیە.

هەر لەو پێوەندییەدا، "حەسەن ڕۆحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە ڕێوڕەسمی سیهەمین فستیڤاڵی ڕێزگرتن لە کرێکارانی نموونە، باسی لەوە کردووە، کە " کرێکاران لە خەتی پێشەوەی شەڕ لەگەڵ گەمارۆوەکانی ئامریکادان".

سەرکۆمار و بەرپرسانی ڕێژیم، لە کاتێکدا چاوەڕوانییان لە کرێکاران بۆ بەرگری لە بەرانبەر گەمارۆوەکانی ئامریکادا هەیە، کە مافە سەرەتایییەکانیان وەک مووچە، بیمەی کرێکاری و ئەمنییەتی کارییان لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، یان ئەوەی کە هەر پێیان نادرێت.