کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم دان بە گەندەڵییەکانی خۆیاندا دەنێن

12:14 - 26 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەزیری تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە بە ٢ ملیۆن یۆرۆی پارەی حکوومەت، لە جێگای فەنەری دڵ، کابلی کارەبایان هاوردە کردووە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، "سەعید نمەکی"، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە کە چەند کەس لە کارمەندانی وەزارەتخانەکەی، بە تۆمەتی کەڵکاژۆ وەرگرتن لە پێگەکەیان و هاوردەکردنی کەلوپەل لە دەرەوەی بواری پزیشکی و تەندروستیدا، دەسبەسەر کراون.

ناوبراو بێ ئەوەی ئاماژە بە پلەی ئەم کەسانە بکات، وتی کە ئەم کەسانە بە ٢ ملیۆن یۆرۆی ئەرزی دەوڵەتی، لە جێگەی فەنەری دڵ، کابلی کارەبایان هاوردە کردووە.

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە هەندێک لە هاوردەکەرەکان، دەرمانی ماوەبەسەرچوو هاوردەی وڵات دەکەن.

هەر لەم ڕاستایەدا، ئەم وەزیرەی ڕێژیم لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا، لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا، لەبارەی نادیاربوونی چارەنووسی ٥٠ هەزار میلیارد تمەن نووسیویەتی: "تۆڕی ڕانت، گەندەڵی و  قۆڕغکردن، بە هەزار و یەک شێوە گیرفانی خەڵکیان بڕیوە. دەرمانە پێویستەکانی خەڵک لە بازاڕی ڕەشدا دەفرۆشن. لە ئەمبارەکاندا دەیانشارنەوە و دەرمانی ساختە لە بازاڕدا بڵاو دەکەنەوە. یەک میلیارد و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بودجەی دابینکراو بۆ کەلوپەلە پزیشکییەکان ون‌بووە و هێشتا کەس نازانێت چی بەسەردا هاتووە".

بەرپرسانی ڕێژیم، کە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵە دەستیان بەسەر سامان و داراییەکانی خەڵکانی ئێراندا گرتووە و هەر کامەیان بە شێوەیەک کەڵکاژۆ لە دەسەڵاتەکەیان وەردەگرن، هەر کاتێک پلە و مەقامیان دەکەوێتە مەترسییەوە، دەستدەکەن بە ژێرئاو لێدانی یەک تر، لە پێناو مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا.