کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم دانیان بەوە داناوە کە مانگرتنی گشتی لە ئاستی ئێراندا بەڕێوەچووە

17:21 - 26 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە کە دەنگی ناڕازییان کپ بکات و دنیای دەرەوەی لێ بێخەبەر بکات، ئەمڕۆ لە تاران مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر، بازاڕییان لە تاران بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە گرانبوونی بێنزین و دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران، دووکانەکانی خۆیان داخست و مانیان گرت.

لە ئووتووبانی "سەدر" و شەقامی "تەجریش"ـی  تاران، خەڵک بە نیشانەی ناڕزایەتی دەربڕین بە گرانبوونی بینزین، ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

هەروەها بەرپرسی ژووری ئەسنافی تاران وتوویەتی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ٢٠ لەسەد لە دووکانەکانی بازاڕی زێڕنگەران و پارچەفرۆشان داخراون.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵێکی چەواشەکارانەدا، هۆکاری داخرانی دووکانەکانی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە خۆپیشاندەران بە دووکاندارانیان وتووە کە ئەگەر دووکانەکانیان دانەخەن، دووکانەکان ئاگر تێبەردەدەن، هەر بۆیە ئەوانیش دووکانەکانیان داخستووە.

 دوای گرانبوونی نرخی بێنزین، لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا خەڵک دەستیان بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرینی جەماوەری  کردووە، بەڵام ڕێژیمی ئێران بە داخستنی هێڵی ئینتێرنێت لە هەوڵی ئەوەدایە ڕاستییەکان بشارێتەوە و ناڕەزایەتییەکان لاواز پیشان بدات و کۆتاییان پێ بهێنێت.