کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم داوای بوومەلەرزە لێدراوان دەخەنە پشتگوێ

12:01 - 16 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا:خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی کرماشان داوای درێژترکردنەوەی ماوەی گەڕاندنەوەی قستی وامەکانیان دەکەن و بەرپرسانی ڕێژیم داواکانیان دەخەنە پشتگوێ.

لە ماوەی ڕابردوودا خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی کرماشان کە بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵ و حاڵیان وامیان لە بانکەکانی ڕێژیم وەرگرتبوو و بە هۆی نەبوونی سەرچاوەیەکی داهات و لێقەوماوی، توانایی گەڕاندنەوەی قستەکانیان لە ماوەی دیاریکراودا نەبوو، داوای درێژترکردنەوەی ماوەی گەڕاندنەوەی قستەکانیان کردووە.

لە بەرانبەردا بەرپرسانی ڕێژیم و بانکەکان، داوای لێقەوماوانی بوومەلەرزەکانی کرماشانیان خستووەتە پشتگوێ و پێداگرن لە سەر وەرگرتنەوەی قستەکان لە کاتی دیاریکراودا.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی کرماشان سەرەڕای وێرانبوونی ماڵ و حاڵیان لە بوومەلەرزەکاندا، ئابوورییەکی ناتەواویان هەیە و لە ڕووی بێکارییەوە لە ئێراندا لە پلەکانی یەکەمدان و هەروەها، گران بوونی کەرەستەکانی نۆژەن کردنەوە و بیناسازی، دەرفەتی گەشەکردنی ئابووری لە دانیشتووانی ئەو شارە وەردەگرێتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم لە شاری کرماشان بۆ خۆ دەربازکردن لە ڕەخنەکان و ناڕەزایەتیی خەڵک، کۆمەڵێک وادە و بەڵێنییان بۆ یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوان دا کە، بوون بە وادەی سەرخەرمان و خەڵک لە چاوەڕوانیی هەوڵەکانی ڕێژیمدا بۆ باشتر بوونی دۆخیان مانەوە.