کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم داوای نائەمنکردنی کۆمەڵگا بۆ ژنان دەکەن

12:38 - 12 رەزبەر 2720

پێشنوێژی هەینیی ئیسفەهان بە ئاماژەدان بەو کەسانەی کە دژ  حیجابی زۆرەملێ ڕادەوەستن داوای کردووە کە کۆمەڵگا بۆ ئەو کەسانە نائەمن بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم، ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەزبەر، "یووسف تەباتەبایی نژاد"، داوای کردووە کە لقێکی تایبەت بە پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی بەناو "بایەخشکێنیی ئەخلاقی" لە دادگاکاندا بۆ پاڵپشتی لە ئەو کەسانە دابنرێت کە بەناوی "ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر"ەوە ژنان لە کۆمەڵگادا دەخەنە ژێر گوشارەوە.

ئەو ئاخوندەی ڕێژیم هەروەها وتوویەتی دەبێ لەگەڵ "دەستدرێژیکەران بە مافی خەڵک" بەپێی حوکمی ئیسلام بەرەڕوو ببنەوە و وتوویەتی: "دەبێ پێش بە کەسانێک بگیردرێت کە ترسێکیان لە یاساشکێنی نییە".

ئاخوند تەباتەبایی نژاد  داوای کردووە دەسەڵاتی زیاتر بە هێزەکانی ئینتیزامی بدرێت بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی دژ حیجابی زۆرەملێ دەوەستنەوە.

ئەو ئاخوندە جارێکی دیکە جەختی کردووەتەوە دەبێ کۆمەڵگا بە شێوەیەک بۆ ئەو کەسانەی کە حیجابی زۆرەملێ قبووڵ ناکەن نائەمن بکریت کە نەتوانن بە ئاسانی لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا دەرکەون.

ئەم قسانەی ئەو ئاخوندەی ڕێژیم و بەڕێوەبردنی، دژە ژنبوون لە کۆمەڵگادا برەو پێ دەدات و دیاردەی وەک هێرشی فیزیکی بۆ سەر ژنان، تیزاب پڕژاندن، سووتاندن و زۆر کردەوەی دژە ڕەگەزیی لێ دەکەوێتەوە.