کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم دژبەرانی خۆیان بە سەرچاوەی ناڕەزایەتییەکان ناو دەبەن

12:03 - 29 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی چەواشەکردنی ڕاستییەکان لەمەڕ دۆخی ئێران و بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، ڕابوونی خەڵک بە کاری دژبەرانی ڕێژیم و سەرانی وڵاتانی دیکە ناو دەبەن.

هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم لە زاری پاسدار "عەلی ئازادی"، لە فەرماندەکانی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم لە شاری سنە، بڵاوی کردووەتەوە کە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانە، پێوەندیی بە بەرنامەدانانی گرووپەکانی دژبەری ڕێژیمەوە هەیە و ناڕازییانی بە "بەکرێگیراو" و "خائین" ناو بردووە.

ناوبراو لە قسەکانیدا وێرانبوونی شوێنە گشتییەکانی خستووەتە ئەستۆی خەڵکی ناڕازییەوە و وتوویەتی، پاراستنی ئەو شوێنانە هێڵی سووری پۆلیسە و بە هاوئاهەنگیی دەزگای دادوەری و سازمانە ئیتلاعاتییەکان لەگەڵ خۆپیشاندەران هەڵسوکەوت دەکرێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە "حەسەن شەرەفی"، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وتووێژێکدا، بەفەرمی ڕایگەیاند: "لەنێوبردنی شوێنە گشتییەکان لەلایەن خودی ڕێژیمەوە ئەنجام دراوە، نەک خەڵک".

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە پێوەنددانی ئاڵۆزییەکان بە دژبەرانی خۆیان و وڵاتانی دیکەوە، دەیانەوێت بایەخی هەستانەوە و ڕابوونی خەڵک کەم بکەنەوە و بە هەر شێوازێک کە بۆیان دەلوێ خۆپیشاندران و خەڵکی ناڕازی سەرکوت بکەن.