کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم قاچاخی دەکەن

12:20 - 14 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی باڵای ڕێژیم لە پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا، خەریکی کاری قاچاخچییەتین.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی پووشپەڕ، "محەممەد موحیبی"، بەرپرسی کۆمیسیۆنی  ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قاچاخی کاڵا و ئەرزی ڕێژیم لە سیستان و بەلووچستان، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا، باسی لە تێوەگلانی بەرپرسانی ڕێژیم لە کاری قاچاخی سووتەمەنیدا کرد.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، لە بەشێک لە قسەکانیدا وتوویەتی: "لە ڕاستای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قاچاخی سووتەمەنی، پێشگرتن لە سەرانی ئەم کارە بۆمان لە سەرەتیدایە و هەڵبەت تێوەگلانی هەندێک لە بەرپرسانی باڵا لە کەیسە گەورەکانی قاچاخ، حاشاهەڵنەگرە".

بە قسەی "محەممەد موحیبی"، ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە ئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوە لەو کەیسانەن و بەم زووانە ئەنجامەکان بڵاو دەکەنەوە.

بە چاولێکردن لە کار و هەستی بەرپرسیاریەتی و دڵسۆزیی بەرپرسانی ڕێژیم و سیاسەتەکانی ئەم دەسەڵاتە سەرکوتکەرە، تێوەگلانی بەرپرسانی ڕێژیم لە کەیسی کاری قاچاخدا شتێکی نوێ و سەرسوڕهێنەر نییە. گەندەڵی یەکێک لە سیفەتە هاوبەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیمە، کە لە ڕاستای دابینکردنی پێویستییە کەسی و زۆرکردنی داهاتەکانیان لە ماوەی دەسەڵاتیاندا، لە دەسەڵاتەکەیان کەڵکاژۆ وەردەگرن و داهاتی خەڵکانی ئێران بەتاڵان دەبەن و هیچ کەسێکیش ناتوانێت قامکی تاوانیان بۆ درێژ بکات.