کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم قوتابییان ناچار بە بەشداریی لە خۆپیشاندان دەکەن

11:33 - 14 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت بەرپرسانی قوتابخانەکان لە شارەکانی کوردستان، بە زۆرەملێ قوتابییەکان بۆ بەشداریی لە خۆپیشاندانی ١٣ خەزەڵوەردا ڕادەکێشن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پێش لە ١٣ی خەزەڵوەر، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی کوردستاندا بە ناردنی نامە داوایان لە مامۆستا و بەرپرسانی قوتابخانەکان کرد، کە قوتابییان بۆ بەشداریی لە خۆپیشاندانەکاندا هان بدەن.

لە زۆربەی قوتابخانەکاندا بەرپرسان بە هەڕەشەی کەمکردنەوەی نمرەی کۆتاییی ساڵ و هەروەها نمرەی نەزم و هەڵسوکەوت، قوتابییەکان بە زۆرەملێ بۆ بەشداریی لەم خۆپیشاندانەدا ڕادەکێشن.

هەروەها هەڕەشەیان لە مامۆستاکان و فەرمانبەرانی ئیدارەکانیش کردووە، کە لە ئەگەری بەشداری نەکردندا، لەسەر کارەکانیان دەر دەکرێن.

لە لایەکی تریشەوە، داوایان لە دووکاندارەکان کردبوو، کە لەو ڕۆژەدا بۆ کاتژمێرەکانی ٩ هەتا ١١ دووکانەکانیان دابخەن و لە پڕوپاگەندەی درۆینەی ڕێژیمدا بەشدار ببن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە هەموو بۆنە تایبەتەکانی خۆیاندا، بە زۆرەملێ خەڵک بۆ بەشداریکردن لە ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکاندا ڕادەکێشن و بە شێوەگەلی جۆراوجۆر هەڕەشەیان لێ دەکەن.

خۆپیشاندانی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ هاوکات بوو لەگەڵ گەڕاندنەوەی خولی نوێی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، هەر بۆیە گرینگییەکی تایبەتی لە لای بەرپرسانی ڕێژیم هەبوو و لە هەموو ڕێوشوێنێکی ئەمنییەتی بۆ بەشداریکردنی زیاتری خەڵک کەڵکیان وەرگرتووە.