کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم لێدوانی ناتەبا دەدەن

16:51 - 17 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا:بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لێدوانی ناتەبا لەگەڵ ڕاستییەکان بە نیسبەت دیاردەی منداڵ هاوسەری دەدەن.

ئاخوندی پاسدار " محەمەد حەیدەری زاد" پشینوێژی هەینیی شاری نەغەدە سەر بە پارێزگای ورمێ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم باسی لەوە کرد کە نەهێشتنی دیاردەی منداڵ هاوسەری پێش پێویستی بە پەسەندی یاسایی پێویستیی بە کاری فەرهەنگی لەو بوارەدا هەیە تا ڕوانگەی بنەماڵەکان سەبارەت بەو دیاردە بگۆڕدرێت.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە دەبێ یاسایەک بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە بە شێوەی یاسایی لە لایەن شەرع و مەرجەعەکانەوە پەسەند بکرێ کە قازانجی کۆمەڵگاشی تێدا لە بەرچاو بگیردرێ.

ئەو قسانەی بەرنوێژی نەغەدە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئاماری بڵاو کراوەی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسییەتی لەسەر هاوسەرگیریی کچانی ژێر ١٠ ساڵ، شارە فارسنشینەکان بەرزترین پلەکانیان لە بواری منداڵ هاوسەری بۆ خۆیان تۆمار کردووە، بە شێوەیەک کە خۆراسانی ڕەزەوی بەرزترین پلەی لە بەشوودانی کچانی تەمەنی نێوان ١٠ تا ١٤ ساڵ، کە ٦٨٠٩حاڵەتە، کە ١١ حاڵەتی تایبەتە بە کچانی ژێر ١٠ ساڵە و پارێزگای تەورێز پلەی دووهەم بە ٤١٦٢ حاڵەتەوە، کە ٣ حاڵەتی تایبەتە بە کچانی تەمەن ١٠ ساڵە، هەروەها قەزوین بە ٩٠٧ حاڵەتەوە کە هیچ حاڵەتێکی تایبەت بە کچانی ژێر١٠ ساڵی نییە.

بەشوودانی کچانی ژێر ١٠ ساڵ، پێشێلکاری مافی منداڵە و ئەم پێشێلکارییە لە حاڵەتێکدایە، تەمەنی یاسایی لە تەواوی وڵاتەکانی جیهاندا ١٨ ساڵە و لە ئێراندا ئەم یاسایه ڕەچاو ناکرێت.