کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم لێدوانی چەواشەکارانە دەدەن

11:45 - 28 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم، سەبارەت بە هەوڵی خەڵکی خۆبەخش و مەدەنی، بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیی بۆ لێقەوماوان، چەواشەکاری دەکەن و لێدوانی ناڕاست لەو بارەوە دەدەن.

"حوسێن فیرووزی"، جێگری پارێزگاری پارێزگای سنە، باسی لە هەوڵەکانی خەڵک بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لافاولێدراوان کردووە و وتوویەتی: " ئەمە نیشاندەری هاودڵیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ لیقەوماوانە".

ناوبراو هەروەها باسی لە کۆکردنەوەی یارمەتییە نەختییەکان لە لایەن کرێکاران و کارمەندانی ئیدارەکانی ڕێژیم کردووە و ئەم کارەی بەرز نرخاندووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە ڕێژیم بەردەوام لە هەوڵدایە، کە پێش بە کۆکردنەوە و گەیاندنی یارمەتی بە لێقەوماوان لە لایەن خەڵکەوە بگرێت و هەڕەشە لە چالاکانی مەدەنی دەکات.

هەر لەم پێوەندییەدا، پاش هاتنی لافاو بۆ لوڕستان، خەڵکی کوردستان بە دانانی کەمپەینێک لەژێر ناوی "لوڕستان چاوەڕێمامە"، هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانیان دا، کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بوونەتەوە.

ڕێژیم لە لایەکەوە پێش بە چالاکییەکانی چالاکانی مەدەنی دەگرێت و هەڕەشەیان لێ دەکات، لە لایەکی دیکەوە بە دەرکردنی لێدوانی ناڕاست، پشتیوانی لە هەوڵەکانی خەڵک دەکەن و هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان دەدەن.