کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم لە دەست دۆخی نالەباری وڵاتدا بەتەنگ هاتوون

11:58 - 29 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: دۆخی ئابووری و سیاسیی ڕێژیمی ئێران هێندە نالەبارە، بەرپرسانی ڕێژیم کە هیچ ڕێگاچارەیەک بۆ دەربازبوون لەم دۆخە شک نابەن، ناڵەیان بەرز بووەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، "بیژەن زەنگەنە،" وەزیری نەوتی ڕێژیم، لە ڕێوڕەسمێکدا کە بە بۆنەی ساڵیادی کوژرانی "توندگوویان"، لە ڕێکخراوی بەڕێوبەریی پیشەیی گیرابوو، وتوویەتی: "دۆخی ئێستە لە هی سەردەمی شەڕ ئەستەمتترە، چونکە لە سەردەمی شەڕدا ئێمە نەوتمان هەناردە دەکرد و پارەمان وەردەگرت، بەڵام ئێستە ئەم پرۆسەیە بە ئەستەم جێبەجێ دەکرێت."

ناوبراو لە نێو قسەکانیدا باسی لەوە کردووە: "دۆخەکە زۆر ئەستەم و نالەبارە، بەڵام وەکوو دووکەڵ و ئاگر و خوێن نییە هەتا هەستی بکەیت کە شەڕە."

"زەنگەنە" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کێشەکە تەنیا نەوتی خاو نییە، بەڵکوو لە پێوەندی لەگەڵ بەرهەمەکانی پێترۆشیمیشدا تووشی کێشە و گرفت بووین.

لە نێوئاخنی قسەکانی ناوبراودا، جگە لە نائومیدی و دەستەوەستان هیچ شتێکی دیکە بەدی ناکرێت و تەنیا ڕێگاچارەیان چەواشەکاری و فریودانی خەڵکی ئێرانە و نەزانکارییەکانی خۆیان ئاراستەی "حکمەتی خوایی" دەکەن.