کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم لە مەهاباد لە هەوڵێکی جیددیدان تاکوو خەڵک بۆ هەڵبژاردنەکان ڕابکێشن

11:45 - 23 رەشەمه 2720

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە مەهاباد بەنیسبەت هەڵبژاردنەکانی شورای شار نیگەرانییان لێ نیشتووە، هەر بۆیە ڕێکەوتی ۲۱ی ڕەشەمە لە فەرمانداری کۆبونەوەیان هەبووە و بە تێگڕایی بڕیاریان داوە بە هەر شێوەیەک خەڵک و بەتایبەت فەرمانبەران ناچار بکەن ببنە پاڵێوراو.

خەڵکی کوردستان لەمێژە بۆیان دەرکەوتووە کە هەڵبژادنەکان لە ئێران تەنیا شتێکی فۆرماڵیتەیە و ڕێژیم لەو هەڵبژاردنانە لە دەنگی خەڵک کەڵکاژۆ وەردەگرێت.

لەو پێوەندییەدا لاوان و ڕووناکبیرانی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد لە پەیامێکدا داوایان کردووە کە هیچ کەس خۆیان بۆ شورای شار و گوندەکان بەربژێر نەکەن و هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم بایکۆت بکەن.

لاوانی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد وتوویانە، ڕێژیم بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی خۆی پتەو بکات شانۆی هەڵبژاردنی کردووەتە بیانوویەک.

لاوان لەو پەیامەدا باسیان لەوە کردووە، بەڕوونی دیارە کە شورای شار و گوندەکان جگە لە دووبەرەکی و گەندەڵی، هیچ دەستکەوتێکیان نەبووە.

هەروەها لاوان و ڕووناکبیران لەو پەیامەدا وتوویانە: "بە ڕوونی بۆمان دەرکەوتووە کە شورای شار و گوندەکان هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و تەنیا ئامرازی بەردەستی ڕێژیمن و ناتوانن بۆ بەرژەوەندیی خەڵک کار بکەن، تەنانەت ئەگەر لایەنی خەڵکیشیان بۆ گرینگ بێت، بەهیچ شێوازێک ڕێگایان پێ نادرێت''.