کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم ناتوانن وڵامدەری کێشەکانی چینی زەحمەتکێش و کرێکار ببن

11:29 - 6 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی نەخۆشخانەی خومەینیی کەرەج، جارێکی دیکە لە بەردەم ئەم نەخۆشخانەیە کۆ بوونەوە.

هەواڵی ئەم خۆپیشاندانە کە لە لایەن بەڕێوبەری نەخۆشخانە پشتڕاست کراوەتەوە، لە ڕێکەوتی دووشەممە ٥ی سەماوەز بەرێوە چووە، کە نزیک بە ٢٥٠ کرێکاری ئەم نەخۆشخانەیە، بۆ  بیست و چوارهەمین جار، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بە هۆی وەدواکەوتنی مووچەی ٦ مانگ هەتا یەک ساڵیان، لە بەردەم نەخۆشخانەی خومەینیی کەرەج کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

لەم پێوەندییەدا، جێگری بەرپرسی شۆرای ئیسلامیی کار، باسی لەوە کردووە: سەرەڕای ئەوەی کە خۆپیشاندانی بەرینی کرێکارانی ئەم نەخۆشخانەیە بەردەوامە، بەڵام هەتا ئێستە هیچ وڵامێکیان لە لایەن بەرپرسە پێوەندیدارەکانەوە وەر نەگرتووە.

خۆپیشاندانی ئەم جارەی کرێکاران لەگەڵ جارەکانی پێشوو جیاوازی هەبوو، چونکە ئەم جارە بە کەرەستەی کارەکانیان و پلاکاردگەلێ کە لە سەریان نووسرابوون: "ئێمە کارمەندانی نەخۆشخانە زیاتر لە یەکساڵە مووچەمان وەر نەگرتووە"، لە بەردەم نەخۆشخانەی خومەینی کۆ بوونەتەوە.

پشکداری گەورەی ئەم نەخۆشخانەیە، بەڕێوبەری گشتیی ڕێکخراوی هەمیاریی شارەدارییەکانی پارێزگای ئەلبورزە، کە پێشتر ئەم نەخۆشخانەیەی ڕادەستی گرووپێکی پزیشکیی تایبەت کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، کرێکارانی هەفت‌تەپە و فوولادی خووزستانیش، ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەز، لە هەمبەر کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ نەدان و دواکەوتنی مووچەکانیان بەڕێوە برد، کە لەگەڵ هەڕەشەی سەرۆکی بەناو قەزاییی ڕێژیم بەرەوڕوو ببوونەوە.