کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم هەڕەشە لە حیزبە کوردییەکان دەکەن

17:41 - 19 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی قەرارگای حەمزەی هێزی زەمینیی سپای تێرۆریستی پاسداران سەبارەت بە کوژرانی سێ کەس لە ئەندامانی سپا لە شاری پیرانشار، هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکان کرد.

پاسداری تێرۆریست "ئوسانلوو"، فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە ڕێوڕەسمی ناشتنی سێ جاش و بەکرێگیراوی سپای پاسداراندا کە ڕۆژی ڕابردوو لە شاری پیرانشاردا کوژراون، بە تاوانبارکردنی حیزبە کوردییەکانی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان، ڕایگەیاندووە کە ئەوان دەبێ چاوەڕێی کردەوەکانی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کردەوەیە بن و لە ئەمڕۆوە، بۆ لەنێوچوونی خۆیان چرکەژمێری بکەن.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە قسەکانیدا، بە هەڕەشە لە حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە خاکی باشووردا و بە ئاماژه بە مووشەکبارانی ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژی ١٧ی خەرماناندا بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، هەڕەشەی لەنێوبردنی لە بکەرانی کوشتنی ئەو سێ جاشە کردووه.

ناوبراو لە قسەکانیدا، قامکی تاوانی بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش ڕاکێشاوە و وتوویەتی: "ئێمە پێشتر سەبارەت بە پەروەردەی ئەم هێزانه لە خاکی باشووردا هۆشداریمان پێ دابوون".

هەر لەم پەیوەندییەدا، کاتژمێر ١٢ی ئەمڕۆ، لە لایەن تۆپخانکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، شاخ و بەرزاییەکانی سنووریی نێوان "پیرانشار" و "چۆمان" و هەروەها بەرزاییەکانی "سیدەکان" و "بەربەزین"، بەخەستی تۆپباران کرا.