کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم پێکەنینیان بە هەواڵەکانی دەنگ و ڕەنگی خۆیان دێت

11:40 - 12 رێبەندان 2720

بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە هەواڵەکانی دەنگ و ڕەنگی ئێمە پێکەنینییە چون لەوێدا دەبینین نیزامییەکان سەبارەت بە واکسەن، دروستکردنی خانووبەرە، پاڵاوتنگە و بەرجام ڕا دەردەبڕن.

"عەلی موتەهەری"، جێگری سەرۆکی پێشووی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم وتوویەتی: "دەستی سەرکۆماریش ئەوەندە ئاوەڵا نییە کە هەرکەس خۆی ویستی هەڵیبژێرێت؛ ناوەندگەلێک هەن کە دەستێوەردان دەکەن، ئەمە دەبێتە هۆکار کە بەو جۆرەی کە پێویستە کەسانی لێهاتوو هەڵنەبژێردرێن".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە لە بوارەکانی ئابووری، سیاسەتی دەرەوە و کلتووریشدا ناوەندگەلێک بوونیان هەیە کە بەردەوام لە کار و باری دەوڵەتدا دەستێوەردان دەکەن و هەروەها تەنیا دەوڵەت نییە کە بەڕێوەبەرە، ناوەندگەلێکی هاوتەریبیش بوونیان هەیە کە ئاڵۆزی دروست دەکەن.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی بۆ هەر کارێک ئەنجامی بدەن دەبێ لە پێشدا بە ئەوان واتا لایەنە نیزامییەکانی ڕابگەیەنن دواتر ئەنجامی بدەن.

ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە خودی ڕێژیم دانی بەوەدا ناوە کە سپای تێرۆریستیی پاسداران دەستی بەسەر سەرجەم جومگەکانی ئەو ڕێژیمەدا گرتووە و بڕیاردەری سەرەکی لەو وڵاتەدا ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەیە.