کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم، کرێکارانی ناڕازی تۆمەتبار دەکەن

13:26 - 7 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە جیاتی وڵامدانەوە و بەدواداچوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و بەتایبەت کرێکاران، تاوانباریان دەکەن و بە ئاژاوەگێڕ ناویان دەبەن.

کاربەدەستانی ڕێژیم سەبارەت بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران لە ئێراندا، لە لێدوانی جیاجیادا، ئەم کرێکارانە بە ئاژاوەگێڕ ناو دەبەن.

"ئیبراهیم ڕەئیسی"، بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لەم بارەوە وتوویەتی: "هەندێک کەس لە جلی کرێکاردا، بەدوای ئامانجێکی دیکەدا دەگەرێن!" هەروەها ڕایگەیاندووە: "خودی کرێکاران دەبێ لە بەرانبەر ئەم کەسانەدا ڕاوەستن تاکوو ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بە لاڕێدا نەبەن".

هەروەها "سەعید عومرانی"، جێگری دادستانی گشتیی ڕێژیم، سەبارەت بە کرێکارانی ناڕازیی هەفت تەپە وتوویەتی: "کەسانێک لەم ناڕەزایەتییانەدا، پارەیان وەرگرتبوو و دەیانهەویست بە هەر شێوازێک کە بووە لەوێ ئاژاوە بنێنەوە".

پاش ئەوەی کە خەڵک و بەتایبەت کرێکاران لە ئێراندا، لەهەمبەر دۆخی نالەباری ئابووریی خۆیان دەستیان دایە ناڕەزایەتیدەربڕین و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد، لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە، چەندین تاوانیان خرایە پاڵ و ژمارەیەکی بەرچاویشیان دەسبەسەر کران.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٤ی خەرمانان، ٩ کەس لە کرێکارانی هەفت تەپە بە ٨ مانگ زیندانیی تەعزیری و لێدانی ٣٠ قامچی مەحکووم کران.

وەپاڵدانی تۆمەتی ناڕەوا بەرانبەر بە کرێکارانی ناڕازی لە لایەن بەرپرسانی ڕێژەمەوە لە حاڵێکدایە کە نالەباربوونی دۆخی ئابووری تەنگی پێهەڵچنیون و بە مەبەستی وەرگرتنی مافەکانی خۆیان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕینەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم بۆ ئەوەیکە وەک ڕابردوو وڵامی داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی ناڕازی نەدەنەوە، هەوڵ دەدەن تاکوو ئەم ناڕەزایەتییانە بخەنە ئەستۆی هۆکارگەلێکی دەرەکییەوە.