کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم کوژراوانی لافاوەکە دەشارنەوە

13:07 - 6 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی گشتیی مودیرییەتی قەیرانی پارێزگای کرماشان، لە چەواشەکارییەکدا ڕایگەیاندووە، کە بە واتای ڕاستەقینە لەم پارێزگایەدا لافاومان نەبووە.

جەلیل باڵایی، بەرپرسی گشتیی مودیرییەتی قەیرانی پارێزگای کرماشان، لە وتووێژێکی چەواشەکارانەدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنا باسی لەوە کردووە، کە به واتای ڕاستەقینە لەم پارێزگایەدا لافاومان نەبووە و کەسێکیش کە ڕاگەیەندراوەکاندا گوتراوە بۆ هۆی لافاوەوە گیانی لەدەست داوە، لە ڕاستیدا کەوتووە نێو ڕووبار و بۆیە خنکاوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە قسە چەواشەکارانەکانیدا هەوڵی شاردنەوەی ڕووداوەکە و ڕاستییەکانی داوە.

پاش قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، خەڵکی کرماشان بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدئۆیی لە لافاوەکەی ئەم پارێزگایە، قسەکانی جەلیل باڵاییان وەدرۆ خستووەتەوە و ڕایانگەیاندووە، کە لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ به ناوی "بێهنام وەیسی"، خەڵکی گوندی کانی عەزیز ، دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ٥ی خاکەلێوە، بە هۆی لافاوەوە گیانی لە دەست داوە.

ئەم لاوە کوردە، لە کاتێکدا کە مەڕەکانی دەکەونە بەر تەوژمی لافاکەوە، هەوڵی ڕزگارکردنیان دەدات و بەداخەوە گیرۆدەی لافاوەکە دەبێت و گیانی لە دەست دەدات.

تەرمی ئەم هاووڵاتییە کوردە دوایی لە ڕووباری ئەڵوەنددا دۆزراوەتەوە. 

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە پارێزگای کرماشان، کە پاش بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردوو هێشتا نەیانتوانیوە کێشەکانی خەڵک چارەسەر بکەن، بۆ شاردنەوەی قەیرانەکان و هەروەها کەمتەرخەمییەکانی خۆیان بەرانبەر بە خەڵکی لێقەوماو لەو پارێزگایەدا، هەوڵ دەدەن تاکوو بە شاردنەوەی ڕاستییەکان کەمتر لە میدیاکاندا نابەرپرسایەتی و بێدەسەڵاتییان بەرانبەر بە خەڵک زەق بێتەوە.