کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم کەڵکاژۆ لە پۆستەکانیان وەردەگرن

17:33 - 19 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم لە ڕێگەی بەرپرسایەتییەکانیانەوە، کەڵکاژۆی شەخسی لە شوێنی کارەکانیان وەردەگرن.

"جەواد کەریمیی قدووسی"، نوێنەری مەشهەد، لە مەجلیسی ڕێژیمدا، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بانەمەڕ، لە تویتێکدا لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا، باسی لە کەڵکاژۆی بەرپرسی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم "سادق ئامۆلیی لاریجانیـ"ـی، لە "کۆمەڵی تەشریفاتـ"ـی دەزگای دادوەریی ئەو ڕێژیمەی کردووە، کە بۆ شوێنی نیشتەجێبوون کەڵکی لێ وەرگرتووە.

ناوبراو لە تویتەکەیدا باسی لەوە کردووە، کە "لاریجانی" بەشێک لە کۆمەڵی تەشریفاتی ئەو دەزگایە، کە بۆ میوانداریی میوانە دەرەکییەکان دابین کراوە، بۆ نیشتەجێبوونی خۆی لە تاراندا بەکاری هێناوە.

قدووسی، لاریجانیی بۆ خاکەڕابوون و هەڵبژاردنی  شێوازە ژیانێکی سادە بانگهێشت کردووە و لە وڵامدا کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم وتوویەتی:"ئەو شوێنە هیچ کەرەستە و پێداویستییەکی سەرەوەتر لە خانووە سازمانییەکان، لە خزمەتی بەرپرسانی ڕێژیمدا دانانێت".

ئەمە لە حاڵێکدایە، ئەو شوێنە بۆ میوانداریی میوانە دەرەکییەکان دیاری کراوە و دەبێت پێداویستییەکانی لە ئاستی سەرەوە بێت و لاریجانی بە بەیانووی نەبوونی خانوو و ئامادەنەبوون کەڵکی شەخسی لەو شوێنە وەردەگرێت.

ئامۆلیی لاریجانی لە بواری دزی و کەڵکاژۆگرتن لە سەرمایەکانی ڕێژیم، دەستێکی باڵا و میژوویەکی پڕ لە گەندەڵیی هەیە و لەوانە دەتوانین بە کەڵکوەرگرتن لە بەهرەی بارمتەی بەندکراوەکان بۆ دابینکردنی خانووبەرە و بەرژەوەندییەکانی دادوەرەکانی ئەو دەزگایە ئاماژە بکەین.