کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم یاری بە گیانی خەڵک دەکەن

12:07 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: شارەداری و ڕاهداریی شاری سنه، لەهەمبەر دۆخی کەمەربەندیی "بەهەشت محەممەدی" لەم شارەدا کەمتەرخەمن و سەرەڕای گیانلەدەستدانی ڕێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیان لەو ڕێگایەدا، بەرپرسایەتی و پێڕاگەیشتن بەو شوێنە دەخەنە ئەستۆی یەکترەوە.

بەردوامیی ئاڵۆزیی نێوان دوو ناوەندی شارەداری و ڕاهداریی شاری سنه، سەبارەت بە نۆژەنکردنەوە و پێڕاگەیشتن بە جاددەی کەمەربەندیی "بەهەشت محەممەدی" لەو شارەدا، ناڕەزایەتیی خەڵکی بەدواوە بووە.

شارەداریی شاری سنە، بە ئاماژە بەوەی کە ئەم جاددەیە لە دەرەوەی شارە، بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی خۆی ناگرێت، لە لایەکی تریشەوە، ڕاهداری بە بیانووی ئەوەی کە ٧٠ لەسەدی هاتوچووەکان، پەیوەندیی بە ماشینەکانی نێو شار و سێنفەکانی وەک نانەوایی و ئاسنفرۆشییەوە هەیە، ئەو بەرپرسایەتییەی لە خۆی لاداوە.

ئەم جاددەیە، ڕێگای هاتوچۆی خەڵکی گوندەکانی "ئاساوڵە"، "دووشان" و "قار"ە و هەروەها ڕێگەی سەرەکیی هاتوچۆی بارهەڵگرەکانیشە، هەر بۆیە بە یەکێک لە پڕهاتوچۆترین ڕێگاکان دەناسرێت کە بە ڕێژەیەکی بەرچاویش تێک چووە. بارانەکانی ئەمساڵ و شۆڕبوونەوەی ئاوەکانی گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیش، خەسارێکی زۆری بەو جاددەیە گەیاندووە.

ئەم ڕێگایە بە یەکێک لە شوێنە مەترسیدارەکانی شاری سنه ناسراوە، چونکه هەموو ساڵێک ڕوودانی کۆمەڵێک ڕووداوی هاتوچۆ لەم ڕێگایەدا، گیانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان دەستێنێت. کاربەدەستانی ڕێژیمیش بە بیانووی جۆراوجۆر، لە نۆژەنکردنەوەی ئەو ڕێگایە خۆیان دەبوێرن وهەندێک جاریش بە دزینی بوودجەی تەرخانکراو، نۆژەنکردنەوەکەیان بەدوا دەخەن.