کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئاماری فەرمی گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکانیان بڵاو کردەوە

18:57 - 29 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ستادی بەرەنگاربوونەوە دژی ماددە سڕکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ٢ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە ئێراند ماددە سڕکەرەکان بەکار دێنن.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە زاری "پەرویز ئەفشار" وتەبێژی ستادی بەرەنگاربوونەوە دژی ماددە سڕکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کە بەپێی دوایین ئامارەکان کە ٢ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە ئێراند ماددە سڕکەرەکان بەکار دێنن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە ئەو ئامارە لە ژێر ناوی گەڵاڵەی "هەڵسەنگاندنی کەڵکاژۆ لە مەواد" لە ساڵی ٩٤دا ئەنجام دراوە.

ئەفشار لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە، ئەو ٢ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە ئێراندا بە شێوەی فەرمی و بەردەوام ماددە سڕکەرەکان بەکار دێنن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە سەرەڕای ئەوەی کە بەکارهێنانی ماددە شیماییەکان لە جیهاندا بەرز بووەتەوە، لە ئێراندا تریاک و گیراوەکانی تریاک لە باقی ماددە سڕکەرەکانی دیکە زیاتر بەکار دەهێنرێت.

هاوکات بەکارهێنانی ماددەی سڕکەری "گوڵ و هێرۆئین" پلەی سێهەم و "شیشه" پلەی چوارەمی لە ئێراندا هەیە.

ئەو ئامارەی ستادی بەرەنگاربوونەوە دژی ماددە سڕکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە ئامارە نافەرمییەکان باس لەبوونی ٤ ملیۆن تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا دەکەن.

پێشتریش یەكێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی ڕۆحانی لە وتووێژێکدا ڕاگەیاندبوو، ڕۆژانە ١٠ کەس لە ئێران بە هۆی ماددەی هوشبەر گیان لەدەست دەدەن و هەروەها ڕۆژانە ٧٠ کەسی دیکە بە ئاماری تووشبووان بە ماددەی سڕکەر زیاد دەبن.

مێژووی گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر لە ئێران، بۆ دەورانی بنەماڵەی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە و بە شێوەی چاندنی تۆوی خەشخاش، پەرەیان بە بەرهەمهێنانی ماددەی سڕکەری "تریاک" داوە.