کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئاماری ناتەبا لەسەر داهاتی نەوت بڵاو دەکەنەوە

12:06 - 24 خەرمانان 2720

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بە ئاماژەدان بە گوشارەکانی ئامریکا لەسەر ئێران ڕایگەیاندووە کە داهاتی نەوتی وڵات کە لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا ١٢٠ میلیارد دۆلار بووە، لە ساڵی ٩٨دا گەیشتووەتە نزیکیی ٢٠ میلیارد دۆلار.

"حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەرمانان لە ڕێگای پرێس کۆنفڕانسێکەوە هەندێک ئاماری ناتەبای لەگەڵ ئامارە پێشووەکانی بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم بەنیسبەت داهاتی نەوتەوە بڵاو کردەوە.

"ڕووحانی" لە حاڵێکدا باس لە ٢٠ میلیارد دۆلار داهاتی نەوتی لە ساڵی ٩٨دا دەکات کە "ئێسحاق جەهانگیری" جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ٢٤ی جۆزەردانی ئەمساڵ ڕایگەیاند کە داهاتی نەوتیی ئێران لە ساڵێک ١٠٠ میلیارد دۆلارەوە گەیشتووەتە نزیکەی ٨ میلیارد دۆلار لە ساڵی ٩٨دا.

لەلایەکی دیکەوە "محەممەد باقر نەوبەخت"، جێگری سەرکۆمار و سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان ڕایگەیاندبوو: "تەنانەت توانای فرۆشتنی یەک دڵۆپ نەوتمان نییە. ئەگەر نەوتیشمان بۆ بفرۆشرێت، ناتوانین ئاڵووێری ماڵی بکەین".

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ئیدعای کردووە، سەرەڕای کێشە بەربڵاوە ئابوورییەکان خەڵک باوەڕیان بە ڕێژیمە چونکە ئاو و کارەبایان ناپچڕێت و پزیشک و نەخۆشخانەیان هەیە.