کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بەڵێنیی درۆ بە لێقەوماوان دەدەن

18:36 - 12 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، لە کاتی ڕوودانی کارەسات لە ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا، لە سەردانە شانۆییەکانیاندا، بەڵێنیی درۆ بە خەڵکی لێقەوماو دەدەن.

لە کاتی ڕووداو و کارەساتە نەخوازراوەکان و تەنانەت ئەو کارەساتانەش کە بە هۆی ناستانداردبوونی پرۆژە نائەندازیارییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و ناوەندەکانی تری ڕێژیمەوە لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتی ئێران ڕوویان داوە، بەرپرسانی باڵا، پارێزگایی و ناوچەییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە سەردانە شانۆییەکانیاندا، بەڵێنیی درۆ و بێبنەما بە خەڵک دەدەن و دواتریش بەڵێنەکانیان جێبەجێی ناکەن.

لەم بارەیەوە، لە کاتی ڕوودانی کارەساتی لافاوی ناوچەکانی پارێزگاکانی خووزستان، لوڕستان و ئیلام، بەرپرسانی ڕێژیم، لە سەردانێکی شانۆییدا بۆ ناوچە کارەساتبارەکانی ئەو پارێزگایانە، بەڵێنیی قەرەبووکردنەوەی هەموو زیان و زەرەرەکانی باخات، مەزرا و کەشتوکاڵەکان و... بە خەڵکانی ناوچە لافاولێدراوەکانیان دابوو، بەڵام پاش تێپەڕینی زیاتر لە شەش مانگ، بەرپرسانی ڕێژیم نەتەنیا بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە، بەڵکوو بەڵێنەکانیشیان لەبیردا نەماوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاتی کارەساتی ڕوودانی لافاوەکان و لە سەردانێکدا بۆ ناوچە لافاولێدراەکانی پارێزگای خووزستان، داوایان لە خەڵکی زەحمەتکێش و باخدارانی ئەو ناوچانە کردبوو کە ڕێگا بدەن بە نێو باخ و زەوینە کشتوکاڵییەکانیاندا ڕێڕەوی لافاو بکەنەوە، تاكوو زیانی زۆرتر بەر شارەکان نەکەوێت و بەڵێنیی ئەوەشیان دابوو کە هەموو زەرەر و زیانەکان بە زیادەوە قەرەبوو بکەنەوە، بەڵام نەتەنیا هیچ ئاوڕێک لەو خەڵکە نادەنەوە، بەڵکوو بەڵێنەکانی خۆیشیان لەبیر نەماوە.

لە سەرەتای سەری ساڵ و نەورۆزی ئەمساڵدا، کارەساتی لافاو ڕووی دا و زەرەر و زیانێکی زۆر بە خەڵکی ئەو ناوچانە گەیشت و تاکوو ئێستا ڕێژیم هیچ هەنگاوێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان هەڵنەگرتووە.