کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تانە لە خۆیان دەدەن

12:10 - 17 رەشەمه 2720

جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران تانەی لە بەرپرسانی ڕێژیم داوە و وتوویەتی، ئەوانەی کە ئیدعای دەورلێدانەوەی گەمارۆکانیان دەکرد یەک بەرمیل نەوتیشیان تا ئێستا نەفرۆشتووە.

"ئێسحاق جەهانگیری" جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، بە ئاماژەدان بە دانیشتنی بەرپرسانی ڕێژیم لەگەڵ ڕێبەری ڕێژیم وتوویەتی کە یەکێک لە ئامادەبووان لەو دانیشتنەدا ئیدعای کردووە، کەسێک دەناسێت کە دەتوانێت ڕۆژانە ٢ ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت، بەڵام هەموویان بەس ئیدعا بووە و نەیانتوانیوە تەنانەت یەک بەرمیلیش بفرۆشن.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "بەدڵنیاییەوە دەڵێم کە هیچ وڵاتێک لە دۆستانی نزیکی ئێران و ئەوانی دیکەش بە شێوەی فەرمی نەوتیان لە ئێمە نەکڕیوە".

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تەنیا وڵاتی چین لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا بە شێوەی فەرمی نەوتی لە ئێران کڕیوە، بەڵام ئامارە گومرۆکییەکانی چینیش نیشانی داوە کە ڕێژەی کڕینی ڕۆژانەی لە ئێران کەمتر لە ٨٠ هەزار بەرمیل نەوت بووە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە بودجەی ساڵی ٩٩ی هەتاویدا هەناردەکردنی ڕۆژانە ١.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت مەزەندە کرابوو.