کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران خاکی سیستان و بەلووچستان بە کامیۆنیی ٨ دۆلار بە وڵاتە عەرەبییەکان دەفرۆشن

17:51 - 13 رەزبەر 2720

ڕاوێژکاری ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ڕێژیم وتوویوتی: "هەر کامیۆنێک لە خاکی ناوچەی نەوبەندیان" لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە کامیۆنێک ٨ دۆلار بە وڵاتانی دەوروبەری کەنداو دەفرۆشرێت".

"ئیسماعیل کەهڕۆم" ڕاوێژکاری ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ناوچەیەک بەناوی "نەوبەندیان" هەیە لە نزیکی چابەهار لەوێدا ٧ وێستگە ساز کراوە کە خاکی ئەو زەوییە کشتوکاڵییەکان کۆ دەکەنەوە و بە کامیۆن و بەلەم بۆ دوبەی دەگوازنەوە.

"کەهڕۆم" هەروەها وتوویەتی: ئەو خاکەی ناوچەی "نەوبەندیان" خاکێکی باش و بەکەڵکە بۆ کشتوکاڵ و دەتوانرێت بەو خاکە پیشەی کشتوکاڵ بەرەوە پێش ببرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە لە ئەگەری بەردەوامی فرۆشتنی خاکی ئەو ناوچەیە چیتر کشتوکاڵ لەو ناوچەیە ناکرێت و زەرەرێکی گەورە دەگەیەنێت بە چۆم و ڕووبارەکانی چابەهار و ناوچەی نەوبەندیان.

لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار باس لە فرۆشتنی خاکی ئێران کراوە بەشێوەی قاچاخ لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە بەڵام لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بە درۆ خراوەتەوە بەڵام ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم خۆیان بەڕوونی وردەکارییەکانی ئەو مامەڵەیە دەخەنە بەرباس.